Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی یاسایی له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كانی كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنی پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها یاسا به‌ركاره‌كانی تایبه‌ت به‌باج و ده‌رامه‌تی هه‌رێم، سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2020/2/24، لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى بژار كۆچه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان تاووتوێكرا، ئه‌م پێنشازه‌یاسایه‌ له‌خولی پایزه‌ى ساڵی پار 2019، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و بڕیاریشه‌ دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكانی لیژنه‌ی یاسایی له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساكه‌، له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ راپۆرتی كۆتایی ئاماده‌ ده‌كرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ی یاسایی به‌ئاماده‌بوونی د.كه‌مال وه‌رتی به‌رێوه‌به‌ری گشتیی باجی هه‌رێم گفتوگۆ له‌باره‌ی یاسابه‌ركاره‌كانی تایبه‌ت به‌باج و ده‌رامه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌و مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان كراو له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌ری گشتیی باجی هه‌رێم ئه‌وه‌ خرایه‌ڕوو كه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان پرۆژه‌یاساییه‌كییان ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی باج و رێككاره‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان و ئێستا له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ بۆ ته‌واوكردنی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.