Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی پیرۆزباییكردن به‌بۆنه‌ی یادی 26 ساڵه‌ی راگه‌یاندنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و به‌ستنی كۆنگره‌وه‌، به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2020/2/6، هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریى ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د ئیسماعیل سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان، سه‌ردانی باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن هادى عه‌لى سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و جێبه‌جێكردنى یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان پێشوازیى لێكرا.
له‌دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی خۆى و په‌رله‌مانى كوردستانی گه‌یانده‌ سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان به‌بۆنه‌ی یادی 26 ساڵه‌ی راگه‌یاندنی حزبه‌كه‌یان و به‌ستنی كۆنگره‌وه‌ و هیوای خواست بتوانن رۆلى خۆیان له‌ پرۆسه‌ی دیموكراسى و سیاسیى هه‌رێمی كوردستاندا ببینن.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا باس له‌ رۆل و ئه‌ركی په‌رله‌مان و پشتیوانیی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌مى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازى و جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سندكرا.