Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ‌ بۆ ساڵیادی كاره‌ساتی یەکی شوبات

 16 ساڵ به‌ر له‌ ئەمڕۆ له‌ 1ی شوباتی 2004 دا له‌ كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن و خوێناویدا ،به‌ پیلانێكی ده‌ستی ڕه‌شی تیرۆریستان، گه‌له‌كه‌مان وخه‌ڵكی خۆڕاگری شاری هه‌ولێر،‌ لە ناو هه‌ردوو باره‌گای مه‌ ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ولقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ،ڕووبەڕووی دوو کردەوەی تیرۆریستی خۆکوژی بوونەوە.‌

ئه‌م ڕووداوه‌ ترسنۆکانەیە له‌ یه‌كه‌مین ڕۆژی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز له‌ كاتی خۆشی ده‌ربڕین و جه‌ژنانه‌ی خه‌ڵك ، به‌ هه‌موو چین وتوێژو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ، كه‌ به‌ مه‌به‌ستی جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ ڕوویان له‌ هه‌ردوو باره‌گاكه‌ كردبوو ڕوویدا ، و خوێنی ده‌یان سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی بێتاوان ئاوێتە بوو .

ئه‌م كاره‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌ بۆ هه‌موو جیهانی سه‌لماند كه‌ ئه‌وان له‌ تاریكستانه‌وه‌ هاتوون و دژی ژیاندۆستی و ئارامین، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ سایه‌ی یه‌كڕیزی و لەخۆبوردوویی گه‌له‌كه‌مان وته‌بایی نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان وسه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ قەوارەی هەرێمی کوردستان جێگیر تر و بەهێزتربووە.

لەگەڵ ئەوەشدا‌ به‌ پێویستی ده‌زانین ئه‌و ڕاستیه‌ دووپات بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی زۆر له‌ سه‌ر ده‌سكه‌وته‌ سیاسی ومافه‌ ده‌ستورییه‌كانمان ماوه‌و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی لێمان ده‌خوازێت هه‌میشه‌ یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بپارێزین و قووڵتری بكه‌ینه‌وه‌،و خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمەکەمان کاری لە پێشینەمان بێت و ماف و ئازادییە گشتیەکان لە باشترین شێوازیدا بۆ هەمووان فەراهەم بکەین.

له‌كۆتاییدا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كاره‌ساتی 1ی شوبات و خۆڕاگری خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان داده‌نه‌وێنین .

نه‌مری وسه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی یه‌كی شوبات و سه‌رجه‌م شەهیدانی کوردستان.

د. ڕێواز فایه‌ق

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

١ ی شوباتی ٢٠٢٠