Skip to the content
Menu

ئەنجوومەنی دەرچووانی دانەمەزراوی کورد لە کەرکوک سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد

ئەمڕۆ چوارشەمە 2020/1/29، هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نوسینگه‌ى تایبه‌تیی خۆی له‌ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ئاماده‌بوونی جوان یونس رۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم و سیروان بابان ئه‌ندامی لیژنه‌ى ناوبراو، پێشوازیى له‌ ئەنجوومەنی دەرچووانی دانەمەزراوی کورد لە کەرکوک کرد.
له‌دیدارێكدا ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ باسیان له‌ناڕه‌زایه‌تی و كێشه‌كانیان كرد سه‌باره‌ت به‌بێبه‌شكردنیان له‌دامه‌زراندنیان و ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه‌بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و گه‌یاندنی ناڕه‌زایه‌تی و داواكارییه‌كانیان له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه‌و ئه‌مڕۆش هاتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ى ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌یان بگه‌یه‌ننه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم.
له‌به‌رامبه‌ردا هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای پشتیوانیكردن له‌ داواكارییه‌ ره‌واكه‌یان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی جیاوازینه‌كردن له‌نێوان پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی شارى كه‌ركوك كرده‌وه‌ له‌پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له‌داموده‌زگاكان و رایگه‌یاند: "پێویسته‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ به‌یه‌كچاو سه‌یربكرێن جیاوازی نه‌كرێت له‌نێوانیاندا"، هه‌روه‌ك به‌ڵێنیشی پێدان ئه‌وه‌ى له‌توانای دابێت بۆ گه‌یاندنی ناڕه‌زایه‌تی و داواكارییه‌كانیان به‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕالییى عێراق ده‌یكات به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان.
هه‌رهه‌مان رۆژ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم بەسەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ پێشوازیى لەو ئەنجوومەنه‌ کردو لە دیدارێکدا ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ نارەزایەتی و داواكارییه‌كانیان گه‌یانده‌ لیژنه‌كه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا لیژنه‌كه‌ پشتیوانیی ته‌واوی خۆیان بۆ داواكارییه‌كانیان ده‌ربڕی و به‌ڵێنیان پێدان كه‌ ھەوڵی جدی دەدەن بۆ کاری پێویست و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.