Skip to the content
Menu

خاوه‌ن موڵكه‌كانى یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌شارى مامۆستایان داواكارییه‌كانیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ په‌رله‌مان

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/1/29، لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌هۆڵی لیژنه‌ له‌ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ نوێنه‌رانى خاوه‌ن موڵكه‌كانى یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌شارى مامۆستایان له‌ شارى هه‌ولێر كرد.
له‌دیدارێكدا نوێنه‌رانی خاوه‌ن موڵكه‌كانى یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌شارى مامۆستایان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ لیژنه‌كه‌ روونكرده‌وه‌و یاداشتێكی چه‌ند خاڵییان پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌كه‌ كردو تیایدا داواى گێڕانه‌وه‌ى مافه‌ خوراوه‌كانیان ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن كۆمپانیای جێبه‌جێكارى پڕۆژه‌كه‌ به‌هۆی دره‌نگ ته‌واوبوونی كاره‌كانی پڕۆژه‌كه‌ و بگره‌ ته‌واونه‌بوونى به‌شێكیشیان به‌بیانووى جۆراوجۆر و هه‌روه‌ها بوونی كه‌موكوڕی له‌ پڕۆژه‌كه‌دا.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ لیژنه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه‌به‌رهێنان له‌په‌رله‌مانى كوردستان وێڕاى پشتیوانیكردن له‌ داواكارییه‌كانیان به‌ڵێنیان به‌نوێنه‌رانی خاوه‌ن موڵكه‌كانى یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌شارى مامۆستایان دا كه‌ به‌دواداچوونی جدی بۆ داواكارییه‌كانیان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا هه‌وڵی جدی ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كه‌یان.