Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان سەردانی فەرماندەیی زێرەڤانی هەولێر-ی کرد

 پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ۲۸/۱/۲۰۲۰ منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان سەردانی فەرماندەیی هێزی زێرەڤانی هەولێری کرد و لەلایەن فەرماندە و پێشمەرگەکانی فەرماندەییەکە پێشوازی لێکرا.

لە سمینارێکدا سکرتێری پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستەسەر لایەنی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم ئایین و نەتەوەکانی هەرێمی کوردستانی بە خاڵێکی گرنگ و پڕشنگدار وەسفکرد، و ڕایگەیاند پێویستە ئەو پێکەوەژیانە کە شانازییەکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و برەوی زیاتری پێبدرێت و زیاتر بە نێو کایەکانی کۆمەڵگەدا قوڵبێتەوە، هاوکات باسی لە دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان کرد کە لە ئێستادا لەسەرجەم بوارەکانی سیاسی و ئیداریدا ڕۆڵی کاریان هەیە و لە پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پۆستی گرنگ و کاریان پێدراوە .

لە بەشێکیتری وتەکانیدا منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر قوربانی و گیان فیدایی هێزی پێشمەرگە کە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی مەترسیدارترین گرووپی تیرۆریستی داعش ، بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی داستانی گەورەیان بۆ هەرێمی کوردستان و سەرجەم جیهان تۆمار کرد و توانیان ئەفسانەی داعش تێک بشکێنن و بە زەلیلی نیشانی هەموو جیهانیان بدەن.

لە لایەکی تری سمینارەکەیدا سکرتێری پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر پڕۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ،کە لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم هەوڵی جددی دەدەن بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە، و یاسای چاکسازیشی کە لە ماوەی ڕابردوو لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند: ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت بە مەبەستی هێنانەکایەوەی دادپەروەری زیاتر لە نێوان سەرجەم چینو توێژەکانی هەرێمی کوردستان. پاشان لەلایەن ئامادەبووانەوە کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کرا و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی دایەوە.