Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت تاووتوێى ره‌وشى شه‌ڵته‌ره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى توندوتیژیى خێزانى ده‌كات

به‌مه‌به‌ستى له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ره‌وشى شه‌ڵته‌ره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى توندوتیژیى خێزانى، ئه‌مڕِۆ سێشه‌مه‌ 2020/1/28، لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌لایه‌ن شاندى میوانه‌وه‌ كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ بۆ لیژنه‌كه‌ روونكرایه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنیان و چه‌ند داتاو ئامارێكیش خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى به‌ئامانجى رێكخستنه‌وه‌ى كاره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ تاووتوێ كرا.
له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ هێڵى گه‌رم كرا كه‌ به‌شێوه‌یه‌ى به‌رچاو كاریگه‌ریى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌و ئه‌و به‌ربه‌ست كێشه‌و گرفتانه‌شى دێنه‌ به‌رده‌م ستافى هێڵه‌كه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر كه‌میى میلاكاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ كرا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ى بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م فراوانكردنى زیاترى كاره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى بۆ هۆشیاریى كۆمه‌ڵگه‌و هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌كانى توندوتیژى.
هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانى به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى ته‌ڵاق و توندوتیژییه‌كان و چۆنیه‌تیى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.
شایه‌نی باسه‌ شانده‌كه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى پێكهاتبوو له‌ كورده‌ عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى له‌هه‌رێمى كوردستان و ئارى ره‌فیق یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و عیزه‌دین عه‌بدوڵا راوێژكارى یاسایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌و موقه‌ده‌م دیار عوسمان به‌ڕێوه‌به‌رى یاسایى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتى و موقه‌ده‌م فه‌رمان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى له‌هه‌ولێر و ره‌وه‌ند سابیر به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى له‌ هه‌رێم.