Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و تیمێكى شه‌ڵته‌ره‌كان كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستى له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ره‌وشى شه‌ڵته‌ره‌كان و كێشه‌و گرفته‌كانیان، رۆژی چوارشه‌مه‌ 2020/1/29، لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌ولێرو تیمێكى شه‌ڵته‌ره‌كان كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ محه‌مه‌د چاوشین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌ولێر سه‌رۆكایه‌تیی تیمه‌كه‌ى لایه‌نى حكومه‌تى ده‌كرد گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م شه‌ڵته‌ره‌كان و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان.
له‌ به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ گرنگیى بوونى داواكارى گشتى كرا له‌دۆسیه‌ى شه‌ڵته‌ره‌كان تاكو رێكاره‌ یاساییه‌كان به‌هێزترو ئاسانتر بچنه‌ پێشه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى دۆسییه‌كان له‌گه‌ڵ دابینكردنى پارێزه‌ر بۆ شه‌ڵته‌ره‌كان.
شانده‌كه‌ داوایان له‌لیژنه‌كه‌ كرد هه‌ندێ له‌یاساكان پێویستییان به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ رێگاچاره‌ى زۆرێك له‌كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌میان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌وردى كاره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌ڵته‌ره‌كان بۆ لیژنه‌كه‌ خرایه‌ڕوو، داواش له‌لیژنه‌كه‌ كرا به‌پێى یاسا ده‌رماڵه‌ى ترسناكى بۆ تیمه‌كانى شه‌ڵته‌ره‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
شایانى باسه‌ تیمه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌ڵته‌ره‌كان پێكهاتبوو له‌محه‌مه‌د چاوشین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌ولێرو تانیا جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌رى یه‌كه‌ى جێنده‌رى له‌وه‌زاره‌تى كارو تاڤگه‌ فه‌یزوڵا به‌ڕێوه‌به‌رى شه‌ڵته‌رى هه‌ولێرو خه‌نده‌ ناسر نوێنه‌رى یاسایی شه‌ڵته‌رو هه‌ریه‌كه‌ له‌توێژه‌رانى كۆمه‌ڵایه‌تى هێلین عه‌وڵاو ئه‌ڤین سادق.