Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى شه‌هیدان به‌دواداچوون بۆ مۆنۆمێنتى پارێزگاكان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌دواداچوون بۆ مۆنۆمێنته‌كان و كێشه‌و گرفته‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى پارێزگاكان، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/1/27، لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانى سیاسى له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتيى سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر مۆنۆمێنتى شاره‌كان كرا كه‌ جارێكى تر پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت له‌ڕووى گرنگى پێدان و به‌دیارخستنى وه‌ك ناسنامه‌ى گه‌لى كوردستان و به‌میكانیزمێك بگه‌یه‌ندرێت به‌گه‌لانى دونیا.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى پارێزگاكان كرا له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تیى دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان به‌پێى یاسا به‌ركاره‌كان.
له‌كۆتاییدا لیژنه‌ بڕیاریدا سه‌رجه‌م مۆنۆمێنته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى به‌سه‌ر بكاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌نزیكه‌وه‌ ئاگادارى كێشه‌و گرفته‌كانیان بن.