Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى كشتوكاڵ داوا ده‌كات شایسته‌داراییه‌كانى جووتیاران بكرێته‌ خاڵى سه‌ره‌كیى گفتوگۆكانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانى جووتیارانى هه‌رێم و پڕۆژه‌یاسای رێكخستنى عه‌لوه‌كان، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/1/29، لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پڕۆژه‌یاساى رێكخستنى عه‌لوه‌كان گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كراو سێ له‌ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ راسپێردران تاوه‌كو ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ رێكبخه‌ن و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى داهاتوودا راپۆرتى لیژنه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئاماده‌بكرێت.
له‌به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا له‌دانیشتنى سبه‌ى پێنجشه‌مه‌ 2020/1/30، به‌فه‌رمى داوا له‌شاندى دانوستاندكار له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت كه‌ كێشه‌ى شایسته‌داراییه‌كان و قه‌رزه‌كانى جووتیارانى هه‌رێم و وه‌رگرتنى گه‌نم بۆ ساڵى 2020 خاڵى سه‌ره‌كیى گفتوگۆكانیان بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه‌ یه‌كێك خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ی بریتییه‌ له‌خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی شایسته‌داراییه‌كانی جووتیارانی هه‌رێم.