Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

وێنه‌: ئه‌رشیف

ڕۆژی چوارشه‌مه‌ 2020/1/29، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح زێبارى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنا كراو جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌وه‌ك لیژنه‌ به‌دواداچوونیان بۆی كردووه‌و خۆشبه‌ختانه‌ تائێستا هیچ حاڵه‌تێك له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار نه‌كراوه‌و به‌مه‌به‌ستی خۆپاراستنی زیاتریش له بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه‌ لیژنه‌كه‌ به‌پێویستی زانی كه‌ له‌رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ داوا له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بكرێت ڕێنمایی زیاتر بڵاوبكه‌نه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی هۆشیاركردنه‌وه‌ی زیاتری هاووڵاتییان.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراوانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامان كاری پێویستیان له‌سه‌ركرا.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا باس له‌ڕه‌شنووسی كۆتایی پێشنیازه‌یاسای هێز كاری ته‌ندروستی كرا كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا وۆرگشۆپێكیان له‌سه‌ری ئه‌نجامدابوو و سوودیان له‌تێبینی و سه‌رنجی ئاماده‌بووان وه‌رگرتووه‌و له‌ناو ڕه‌شنووسه‌كه‌ جێگه‌ی بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌.