Skip to the content
Menu

پڕۆژه‌یاسای چاكسازی به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئاماده‌بوو په‌سندكرا

په‌رله‌مانى كوردستان له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئاماده‌بوو پڕۆژه‌یاساكه‌ی په‌سندكرد.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌‌ 2020/1/16، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (15)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 92، 96، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عیراق.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان ئاماده‌یبوو، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌و به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانى ئاراسته‌ی كه‌سوكارى ئه‌و قوربانییانه‌ كرد كه‌ له‌ده‌ریای ئیجه‌دا خنكابوون، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێندرایه‌وه‌‌.
به‌پێی خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌و له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ كه‌پێكهاتبوو له‌ لیژنه‌كانی (كاروبارى یاسایی، دارایی و كاروبارى ئابوورى، كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا، كاروبارى پێشمه‌رگه‌، ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان، كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی)، راپۆرتی هاوبه‌ش و كۆتایی هه‌ر شه‌ش لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كه‌ دوای سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی به‌ره‌چاوكردنی ئه‌و پێشنیارانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ستافی حكومه‌ته‌وه‌ له‌ دوو دانیشتنی پێشووی په‌رله‌ماندا خرابوونه‌ڕوو خوێندرایه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ناوونیشانی پڕۆژه‌یاساكه‌ دوو پێشنیار هه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ردوو پێشنیاره‌كه‌ به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، وه‌ك خۆى به‌مشێوه‌یه‌ (پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌ ده‌نگی 86 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌ى یه‌كه‌م كه‌تایبه‌ت بوو به‌ئامانجه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌، دوای به‌جیا خستنه‌ ده‌نگدانی هه‌ر حه‌فت پێشنیاره‌كه‌ی كه‌له‌سه‌ر ئه‌و ماده‌یه‌ هه‌بوون پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو كه‌بریتی بوو له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌رى و شایسته‌بوون له‌ خه‌رجكردنی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌و نه‌هێشتنی سوودمه‌ندبووانی ناشایسته‌و رێگه‌گرتن له‌ به‌هه‌ده‌ردانی بودجه‌ی گشتی و به‌دامه‌زراوه‌ییكردن و یه‌كخستنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ جیاجیاكانی خانه‌نشینى و كاراكردن و پشتیوانیكردنی دارایی سه‌ندوقی خانه‌نشینی و رێگه‌گرتن له‌هه‌ر خه‌رجییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ندوقه‌و هه‌روه‌ها رێكخستنه‌وه‌ى خانه‌نشینیی پله‌باڵاكان و پله‌تایبه‌ته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌مه‌ن و ساڵانی خزمه‌تى و بڕوانامه‌، به‌ 99 ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌رێكخستنه‌وه‌ى ماف و ئیمتیازاته‌كانی میراتگرانی كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی، نۆ پێشنیارى بۆ كرا‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ ده‌نگی 91 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌ی سێیه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌نه‌هێشتنی سوودمه‌ندبوون له‌جارێك زیاتر له‌بودجه‌ی گشتی، پێنج پێشنیار هه‌بوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیارى دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ ده‌نگی 94 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.
ماده‌ی چواره‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌بوارى پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانى ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، حه‌فت پێشنیارى بۆ كرابوو دواى خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا به‌ده‌نگی 85 په‌رله‌مانتار وه‌ك خۆى كه‌ له‌راپۆرتی پێشووترى لیژنه‌ی هاوبه‌شدا هاتبوو په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌ى پێنجه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ده‌رماڵه‌كان و رێكخستنه‌وه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌به‌ر رۆشنایی یاسا به‌ركاره‌كان، حه‌فت پێشنیار هه‌بوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ ده‌نگی 84 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.
ماده‌ی شه‌شه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌ژماركردنى خزمه‌ت و پێداچوونه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ى پله‌و ناوونیشان و مووچه‌ی وه‌زیفیى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران به‌پێی یاساو په‌یڕه‌و و رێنماییه‌ كارپێكراوه‌كان، سێ پێشنیارى بۆ كرابوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا وه‌ك خۆى كه‌ له‌راپۆرتی پێشووى لیژنه‌ی هاوبه‌شدا هاتبوو به‌ده‌نگی 83 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌ی حه‌فته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌ت بوو به‌بوارى خانه‌نشینی له‌ یه‌كخستنی خانه‌نشینیی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و جێگره‌كانیان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ى به‌پله‌ی ئه‌وانن و بریكاره‌كانی وه‌زاره‌ت و خاوه‌ن پله‌تایبه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتییه‌كان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ى كه‌ مووچه‌و ده‌رماڵه‌ی هه‌ردوو پله‌ی (أ) و (ب) وه‌رده‌گرن له‌سه‌ر میلاكی شارستانی و سه‌ربازی و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، پێنج پێشنیار هه‌بوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ده‌نگی 84 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
ماده‌ی هه‌شته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌ت بوو به‌هه‌مواركردنی ماده‌ی 12 له‌یاسای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورى ژماره‌ (5)ى ساڵی 2010، دوو پێشنیارى بۆ كرابوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ده‌نگی 84 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌ی نۆیه‌میش كه‌تایبه‌ت بوو به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خانشینی به‌پله‌ى وه‌زیرو بریكارى وه‌زاه‌ت و راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی و هه‌ر پله‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى له‌ریزی بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازیی كوردستان بوون پێش 1991/3/5 و وه‌ك رێزلێنانێك مووچه‌ی خانه‌نشینییان به‌و پلانه‌ پێدراوه‌، پێنج پێشنیار هه‌بوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا وه‌ك خۆى كه‌ له‌راپۆرتی پێشووى لیژنه‌ی هاوبه‌شدا هاتبوو به‌ده‌نگی 80 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
ماده‌ی ده‌یه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌ت بوو به‌ڕاستكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى خانه‌نشینیی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی یان به‌پله‌ی به‌رزتر له‌پله‌ی شایسته‌ی خۆیان خانه‌نشین كراون یان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ژماركردنی نایاسایی ساڵانی خزمه‌ت خانه‌نشین كراون، دوو پێشیاری بۆ كرابوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ده‌نگی 76 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌كانى یازده‌یه‌م و دوازده‌یه‌م و سێزده‌یه‌م و چوارده‌یه‌م و پازده‌یه‌م و شازده‌یه‌م و حه‌ڤده‌یه‌م و هه‌ژده‌یه‌م و نۆزده‌یه‌مى پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌ت بوون به‌ حوكمه‌كانی كۆتایی، دوای ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌میان به‌و پێشیارانه‌ی كه‌هه‌بوون به‌جیا خوێندرانه‌وه‌و خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سندكران.
سه‌باره‌ت به‌هۆیه‌كانی ده‌رچوواندنیش كه‌دوو پێشنیاری بۆ كرابوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو و به‌مشێوه‌یه‌ داڕێژرابوو (له‌پێناوى رێكخستنه‌وه‌ى بوارى وه‌زیفه‌ی گشتی و خانه‌نشینی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی شارستانی و پێشمه‌رگایه‌تی و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆو هه‌روه‌ها ته‌رخانكراوه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رپاكردنی دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانی له‌ خه‌رجكردنی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌ دارایییه‌ گشتییه‌كان و رێگه‌گرتن له‌ سوودوه‌رگرتنی ناڕه‌وا و نایاسایی له‌ ته‌رخاانكراوه‌كانی بودجه‌ى گشتی ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا)، به‌ ده‌نگی 89 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌كۆى ده‌نگی ئه‌ندامانی ئاماده‌بووی هۆڵی دانیشتنه‌كه‌ به (89 ده‌نگ) په‌سندكرا.
به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێرۆزبایی له‌په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و خه‌ڵكی كوردستان كردو به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.