Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌ولێر كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2020/1/26، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له‌ ڤینسۆ-گییۆم پۆپۆ به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌ولێر.
له‌دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان پیرۆزبایی له‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ى، پاشان پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌كاری په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌و یاسا گرنگانه‌ كرد كه‌ له‌و خوله‌ى په‌رله‌ماندا ده‌رچووێندراون و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ 15ى ئاسایی خۆیدا كه‌ رۆژی 2020/1/16 به‌ڕێوه‌چوو یاسای چاكسازیی په‌سندكردو به‌جێبه‌جێكردنیشی یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رى دێته‌كایه‌وه‌و ئه‌م چاكسازییه‌ش به‌شێكی گرنگ بوو له‌و ستراتیژییه‌ته‌ی كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی بۆ ناوه‌و چاكسازییه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بن وه‌ك چۆن له‌كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا هاتوووه‌ له‌بواره‌كانى داهات و وه‌به‌رهێنان و نه‌وت و په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو باج و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی دیكه‌و په‌رله‌مانی كوردستانیش زه‌مینه‌سازیی یاسایی بۆ كارنامه‌و به‌رنامه‌كان ده‌كات".
لای خۆیه‌وه‌ ڤینسۆ-گییۆم پۆپۆ به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌هه‌ولێر وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریى خۆی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌، خۆشحاڵیی خۆی به‌ ده‌رچوواندنی یاسای چاكسازی ده‌ربڕی و به‌یاسایه‌كی گرنگی وه‌سفكرد بۆ هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: "پیرۆزبایی ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌تان لێده‌كه‌ین و هه‌نگاوێكی زۆر باشتان ده‌ستپێكردووه‌ كه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نموونه‌ى زۆر كه‌مه‌".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمى كوردستان و یه‌كێتیی ئه‌وروپاو دواپێشهات و رۆل و كاریگه‌ریى یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان و چه‌سپاندنی سه‌قامگیرى كرا.