Skip to the content
Menu

جێگرێكی نوێ بۆ سه‌رۆكی لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت هه‌ڵبژێردرا

به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندكردنى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت له‌پۆسته‌كه‌ى و پڕكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/1/27، به‌سه‌رپه‌رشتیى هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چى سكرتێرى په‌رله‌مان لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى و نوێنه‌رى لیژنه‌ى كاروبارى یاسایی كۆبووه‌وه‌.
له‌ ته‌وه‌رى یه‌كه‌مى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رپه‌رشتیى ده‌كرد، ئاشنا عه‌بدوڵا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى له‌پۆستى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌كه‌ كردو له‌لایه‌ن جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدان و به‌كۆى ده‌نگى ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ په‌سه‌ند كرا.
پاشان بۆ دانانى كه‌سێك له‌شوێنی ئه‌و وه‌ك جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌، هێمن هه‌ورامى ده‌رگاى خۆپاڵاوتنى كرده‌وه‌و شادى نه‌وزاد تاكه‌ ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌بوو كه‌ خۆى بۆ ئه‌و پۆسته‌ پاڵاوت و به‌كۆى ده‌نگى ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ په‌سه‌ند كرا.
له‌ته‌وه‌رى دووه‌مى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی ئه‌نجامدانى زنجیره‌كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تاووتوێ كرا كه‌بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوودا ئه‌نجامى بدات.
له‌كۆتاییدا لیژنه‌ بڕیاریدا سبه‌ى سێشه‌مه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى كۆببێته‌وه‌ بۆ گوێگرتن له‌كێشه‌و گرفته‌كانیان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان و هه‌روه‌ها دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوانیاندا.