Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای چاكسازی كۆتاییهات و رۆژی پێنجشه‌مه‌ ده‌نگدانی بۆ ده‌كرێت

سه‌عات 4:30ی پاشنیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌‌ 2020/1/13، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (14)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ به‌رده‌وامبوونبوو له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) به‌پێی حوكمی ماده‌كانی ( 87، 88،89، 92) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.

سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیرانى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و دارایی و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاماده‌ی بوون، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌‌وه‌ كه‌بریتى بوو له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) به‌پێی حوكمی ماده‌كانی ( 87 ، 88 ،89 ، 92) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.

پاشان به‌پێی خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه،‌ ماده‌ی حه‌فته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌بواری خانه‌نشینی و له‌چوار بڕگه‌ پێكهاتبوو، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ ده‌قی ماده‌و بڕگه‌كانی بۆ په‌رله‌مانتاران خوێندرایه‌وه‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو چه‌ندین سه‌رنج و تێبێنی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده‌كه‌ خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ها چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی ستافى حكومه‌ت كرد بۆ به‌رچاووڕوونیی زیاتر‌ له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ هه‌ن و ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ى پێویستییان بۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان خسته‌روو.

جێی ئاماژه‌یه‌، مادده‌ی حه‌فته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ تێیدا چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خانه‌نشینكردنی پله‌باڵاكانی داموده‌زگاكانی هه‌رێم دارێژراوه‌، زۆرترین تێبینی و پێشنیازی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌سه‌ر خرایه‌روو.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی ئه‌و مادده‌یه‌دا لێكتێنه‌گه‌یشتن له‌نێوان ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار روویداو ئه‌مه‌ش وایكرد بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سێردرێت و دواتر جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌و لەلایەن ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەدەرخستنی راستی رووداوەکە پێکبهێندرێت. پاشان گفتوگۆكان به‌رده‌وامبوون له‌باره‌ی مادده‌ی حه‌فته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌و دوای كۆتایی هاتنی گفتوگۆكانیش، له‌لایه‌ن له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كان و وه‌زیری داراییه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌باره‌ی پێشنیازو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران خرانه‌روو.

مادده‌ی هه‌شته‌می پرۆژه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌تبوو به‌خانه‌نشینیی فه‌رمانبه‌ران و له‌دوو برگه‌دا رێككاره‌كانی خانه‌نشینكردنیان روونكراوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ركراو چه‌ندین سه‌رنج و تێبێنی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده‌كه‌ خرانه‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی ستافى حكومه‌ت كرد بۆ به‌رچاووڕوونیی زیاتر‌ له‌سه‌ر ماده‌كه‌و دوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆكانیش، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كان و نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌باره‌ی پێشنیازو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران خرانه‌ڕوو.

مادده‌كانی نۆیه‌م تادوانزده‌یه‌می پرۆژه‌یاساكه‌ له‌به‌شی حه‌فته‌می تایبه‌ت به‌بواری خانه‌نشینی بریتی بوون له‌رێككاره‌كانی گه‌راندنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خانه‌نشینكراو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌نشینی به‌پله‌ی وه‌زیر تا پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی بۆ چه‌ند چینێك و رێكخستنه‌وه‌و یه‌كخستنی داموده‌زگاو به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ جیاجیاكانی خانه‌نشینی كه‌ له‌هه‌رێم هه‌ن له‌گه‌ڵ راستكردنه‌وه‌ی خانه‌نشینیی چه‌ند چینێك له‌چوارچێوه‌ی رێككاره‌ یاساییه‌كان. هه‌ر مادده‌یه‌ك به‌جیا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو چه‌ندین سه‌رنج و تێبێنی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده‌كان‌ خرانه‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی ستافى حكومه‌ت كرد بۆ به‌رچاووڕوونیی زیاتر‌ له‌سه‌ر ماده‌كان و دوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆكانیش، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كان و نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی پێویست به‌جیا له‌سه‌ر هه‌ر مادده‌یه‌ك له‌باره‌ی پێشنیازو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران خرانه‌روو.

له‌به‌شی هه‌شته‌می پرۆژه‌یاساكه‌ كه‌ بریتی بوو له‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان و مادده‌كانی سێزده‌م تا بیست و یه‌كه‌م تایبه‌تبوون به‌رێككاره‌ یاساییه‌كانی جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی یاساكه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ركردنی رێنماییه‌كان و پابه‌ندكردنی سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی هه‌رێم به‌ یاساكه‌وه‌، هه‌ر مادده‌یه‌ك به‌جیا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو چه‌ندین سه‌رنج و تێبێنی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده‌كان‌ خرانه‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی ستافى حكومه‌ت كرد بۆ به‌رچاووڕوونیی زیاتر‌ له‌سه‌ر ماده‌كان و دوای كۆتایی هاتنی گفتوگۆكانیش، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كان و نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی پێویست به‌جیا له‌سه‌ر هه‌ر مادده‌یه‌ك له‌باره‌ی پێشنیازو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران خرانه‌روو.

دوای ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای‌ چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، سه‌رۆكی په‌رله‌مان لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كانی راسپارد سه‌رله‌به‌یانیی سێشه‌ممه‌ 2020/1/14 به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆببنه‌وه‌ بۆ دارشتنه‌وه‌و پوختكردنه‌وه‌ی پێشنیازو سه‌رنجه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی مادده‌و برگه‌كانی پرۆژه‌كه‌و ئاماده‌كردنی راپۆرتی كۆتایی بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: "سه‌عات 11ی پێشنیوه‌رۆی رۆژی پێنجشه‌مه‌ 2020/1/16 دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌"و به‌مشێوه‌یه‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هات.