Skip to the content
Menu

راپۆرتی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیاری رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان ئاماده‌ ده‌كرێت

سه‌عات 10:30ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 7/1/2020، هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیریی په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌ش و كۆتایی له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیاری رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان له‌هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ به‌رێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌سه‌ر تێبینی و سه‌رنجه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی ماده‌و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌بڕیاره‌كه‌ كرا.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ماده‌و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ به‌پێی تێبینی و سه‌رنجی په‌رله‌مانتاران سه‌رله‌نوێ داریَِژرایه‌وه‌، بریاریشه‌ دوای ته‌واوكردنی رێككاره‌كانی گفتوگۆكردن و داڕشتنه‌وه‌ی ماده‌كانی، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ تێبینی و پێشنیازه‌كان له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی هاوبه‌شدا پوخت بكه‌نه‌وه‌و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانى بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی تایبه‌ت به‌ده‌نگدان له‌سه‌ری به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی به‌ركار.