Skip to the content
Menu

رێزلێنان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ قورئانى پیرۆزیان كردووه‌ به‌كوردى

به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى ئه‌و نوسراوانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ لیژنه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌وانه‌ى قورئانیان كردووه‌ به‌كوردى، سەرلەبەیانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ١٣/١/٢٠٢٠ به‌سه‌رپه‌رشتى د . هه‌ورامان گچێنەیی سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه.‌

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ جێگرى سه‌رۆك لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ ئاماده‌یبوون تاوتوێى ئه‌و نوسراوانه‌ كرا كه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ لیژنه‌كه‌، جگه‌ له‌وه‌ى وه‌ڵامى به‌شێكیان درایه‌وه‌ كارى پێویستیش بۆ نووسراوەکانیتر كرا.

له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كرا كه‌ قورئانى پیرۆزیان كردووه‌ به‌ كوردى، له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تى ئه‌نجامدانى چه‌ند پانێڵێك، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند راو سه‌رنجێك خرانه‌ڕوو.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ لیژنه‌كه‌ بڕیاریدا له‌ داهاتوودا چه‌ند پانێڵێكى ئاینى و رۆشنبیرى ئه‌نجام بدات و رێزلێنان ببەخشێت بەو کەسانه‌ی كه‌ قورئانى پیرۆزیان وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی .