Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان: "كوردستانی نوێ خاوەنی شانازیی یەكەم رۆژنامەی كوردییە لەدوای راپەڕین"

به‌بۆنه‌ى یادى 29 ساڵه‌ى ده‌رچوونى یه‌كه‌م ژماره‌ى رۆژنامه‌ى كوردستانی نوێ، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی پیرۆزباییى ئاراسته‌ی سه‌رنووسه‌رو ستافى به‌ڕێوه‌بردن و رۆژنامه‌نووسان و كارمه‌ندانی رۆژنامه‌كه‌ كرد كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
بەڕێزان سەرنووسەرو ستافى به‌ڕێوه‌بردن و ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ..
بەبۆنەی بیست و نۆیەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەكەتان گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەم.
كوردستانی نوێ جگە لەوەی خاوەنی شانازیی یەكەم رۆژنامەی كوردییە لەدوای راپەڕین، هاوكات رۆڵی گرنگیان هه‌بووه‌و هەیە بۆ بەدیهێنانی خواستی گەلی كوردستان و بەرگریكردن لەبیری نەتەوەیی و نیشتیمانی و لە یەكەم وێستگەی رۆژنامەگەرییان پابەندی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانن لە كوردستان و عێراقدا.
دووبارە (٢٩)مین ساڵیادی كوردستانی نوێ-ى ئازیز پیرۆز دەكەین، بەو ئومێدەی وەك هەمێشە سەرقافڵەی تەبایی و وشەو بیری ئازادبێ.
د.رێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان