Skip to the content
Menu

لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كار له‌سه‌ر ته‌واوكردنی راپۆرتی كۆتاییی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ده‌كه‌ن

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ر شه‌ش لیژنه‌كانی كاروبارى یاسایی و دارایی و پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ و شه‌هیدان و كاروباری په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شیان له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا بۆ ته‌واوكردن و ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌ش له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌وه‌.
سه‌ره‌تا سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2020/1/9، لیژنه‌ی كاروبارى یاساییی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازی، كۆبووه‌وه‌و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كه‌و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌و ماده‌كانی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازه‌كانی دیكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كراو دوای وه‌رگرتنی تێبینی و سه‌رنجی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ بڕیاردرا له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی لیژنه‌كان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ بخرێته‌ڕوو.
دواتر له‌ سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ر شه‌ش لیژنه‌ى كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی دارایی و لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و لیژنه‌ی ناوخۆو لیژنه‌ی شه‌هیدان و لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شیان له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازه‌كانی دیكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راپۆرتی پێشنیازو تێبینییه‌كانی هه‌ر شه‌ش لیژنه‌كه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌رێم به‌جیا بۆ به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرانه‌ڕوو.
دوای وه‌رگرتنی پێشنیازو تێبینییه‌كانی هه‌ر شه‌ش لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌ بڕیاردرا سه‌رجه‌میان له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی هاوبه‌ش كۆبكرێنه‌وه‌و پوخت بكرێنه‌وه‌و دابڕێژرێته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت رای سه‌رجه‌م لیژنه‌كان له‌خۆ بگرێت.
بڕیاریشه‌ دوای ئاماده‌بوونی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ر شه‌ش لیژنه‌كه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ راپۆرته‌كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێـت بۆئه‌وه‌ی رێككاره‌ یاساییه‌كانی تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ ئه‌نجامبدرێت و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو دانیشتنی په‌رله‌مان بكرێت و ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش یه‌كێك بێت له‌خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌ له‌هه‌رێم، له‌ دانیشتنی ژماره‌ (10)ى ئاساییی خولی پایزه‌ له‌ساڵی یه‌كه‌می خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردن له‌ ڕۆژی 2019/12/16، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌.