لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه كۆبووه‌وه
بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند تەوەرێکى گرنگ و په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەمە 2020/1/19، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی له په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپەرشتیی د.ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه لەھوڵی پرۆتوکۆڵ له‌ته‌لارى پەرلەمان میوانداریی شاندێكی باڵاى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه پێكهاتبوو له سه‌فین دزه‌یى به‌رپرسی فه‌رمانگه‌كه‌و ستافی فەرمانگەكه‌و بەهەڤڕا لەسەر تەوەرەکان ئاخفتن و دوای بەخێرھێنانیان، لەلایەن سەرۆکی لیژنەوە تەوەرەکانی كۆبوونه‌وه‌كه خرایه‌ڕوو.
تەوەری یەکەم قسەکردن بوو لەسەر هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەمەڕ گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ خاکی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە، دوای گفتوگۆکردن به‌رپرسی فەرمانگەو ستافەکەی ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەبارەی گرژییەکان و ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بێلایەن بێت و نەبێتە بەشێک لەو ململانێیە.
لای خۆیه‌وه سەرۆکی لێژنە ئەو هەڵوێستەی حکومەتی بەرزنرخاندو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە سیاسەتی ڕاگرتنی باڵانس له‌نێوان ئەو دوو وڵاتە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە.
لەتەوەری دووەم کەبریتی بوو لە قسەکردن لەسەر میکانیزمەکانی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان لیژنەى په‌یوه‌ندییه‌كان و فەرمانگەى په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکبوون کە پێویستە هەماهەنگی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیێەکانی نێوانیان لەسەر سێ بنەما بێت ئه‌وانیش بنەمای وەزیفی، بنەمای کارگێڕی، بنەمای پەیوەندییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەی وەرزی نێوان هەردوولا بکرێت، هەروەها کۆبوونەوەی ناوەرزیش لەسەر پرسە لەناکاوەکان بکرێت.
لەو بارەوەیەوە سەرۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان داوای‌کرد کە بۆ ئاگاداربوونی زیاتر لە کار‌و چالاکییه‌كانی فەرمانگەكه‌و نوێنەرایەتییەکانی حکومەت لەدەرەوە، بەڕاپۆرت ئاراستەی لیژنەكه بکرێت.
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا کە ماوەی زیاتر له دوو کاتژمێری خایاند گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسی یاسای ڕەوەندی کوردستانی کرا، وەک تەوەری سێیەم و سەرەتا لەلایەن سەرۆکی لیژنەوه باس لە دواھەنگاوەکانی بە یاساییکردنی ڕەشنووسەکە بۆ شاندی فەرمانگەى په‌یوه‌ندییه‌كان کراو داواشى لە شاندی میوان کرد کە پڕۆپۆزەڵێک ئامادە بکەن و تیایدا هەم تێبینییه‌كانیان لەسەر بڕگەکانی ڕەشنووسەکەو هەمیش ڕاو پێشنیازه‌كانیان بخەنەڕوو و بۆ لیژنەكه‌ى بنێرن. لەکۆتاییدا بەمەبەستی زیاتر بەرەوپێشچوونی هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ردوولاو کاری پێکەوەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان داوای‌کرد کۆبوونەوەکان زۆرتر بکرێن لەنێوان ھەردوولادا.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرس و ستافی فەرمانگەى په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تی هه‌رێم ئامادەیی خۆیان بۆ هه‌موو جۆره هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌نێوان هه‌ردوولادا دەربڕی.