Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و به‌رچاوڕوونی له‌سه‌ر هه‌یكه‌لی كارگێڕی و چه‌ند پرسێكی تری دیوانی په‌رله‌مان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/1/22، لیژنه‌ی كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا به‌سه‌رپه‌رشتیی د.ئیسماعیل سگیری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان كۆبووه‌وه‌.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی ناوبراو ڕێكخرابوو كه‌ ئامانج لێی به‌رچاوڕوونی و ئاگاداربوونی لیژنه‌كه‌ بوو له‌سه‌ر شێوازی ئیداره‌دانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و خه‌رجییه‌كان و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و نوسینگه‌كانی په‌رله‌مان له‌پارێزگا و قه‌زاكان و كۆمه‌ڵێك پرسی تری په‌یوه‌ندیدار به‌پرسی كارگێڕیی په‌رله‌مان.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان كۆمه‌ڵێك پرسیارو سه‌رنج و تێبینییان خسته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی به‌رچاوڕوونیی زیاتر وه‌ربگرن له‌سه‌ر پرسه‌كان.
دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی دیوانه‌وه‌ وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیارو تێبینییه‌كان درایه‌وه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستی دایه‌ لیژنه‌كه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد به‌نوسراوی ڕه‌سمی كۆی گشتیی ئامارو زانیارییه‌كان ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌و هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ گرنگیی خۆی هه‌یه‌و پێكه‌وه‌ ده‌توانن كه‌موكوڕییه‌كان كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی په‌رله‌مان به‌دیبهێنن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ماهه‌نگی ته‌واو دروستده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مان.