Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ڕه‌شنووسی په‌روه‌رده‌و فێركردن، نیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/1/7، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌سه‌رپه‌رشتیی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى له‌ ئالان حه‌مه‌سعید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ستافی وه‌زاره‌ت كرد.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ وێڕِای به‌خێرهێنانی وه‌زیرو شاندى یاوه‌رى كورته‌باسێكی سه‌باره‌ت به‌كاروباره‌كانی لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌و به‌دواداچوونه‌كانیان خسته‌ڕوو، دواتر داوای له‌وه‌زیری په‌روه‌رده‌ كرد به‌رچاوڕوونییه‌ك بداته‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئاماده‌یان كردووه‌.
دواتر وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ی ڕه‌شنووسی په‌روه‌رده‌و فێركردنى بۆ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ خسته‌ڕوو كه‌ به‌گشتی ڕێكخستنی سێكته‌ره‌كانی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ له‌خۆ ده‌گرێت و زیاتر باس له‌ئه‌رك و مافه‌كانی مامۆستایان و ڕێكخستنی بواری سه‌رپه‌رشتیاری و خوێندنی تایبه‌ت و چه‌ندین بواری تر ده‌كات كه‌ ئامانج لێی به‌ره‌وپێشبرن و به‌رزكرنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی قوتابیانه‌.
له‌كۆتایدا وێنه‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌كه‌ پێشكه‌شی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ كرا بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ بیخوێننه‌وه‌و سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان یاداشت بكه‌ن و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌ڕاپۆرتێكی لیژنه‌كه‌دا ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌جۆرێك كه‌ خزمه‌ت به‌بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن بكات.