Skip to the content
Menu

لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوونى هۆكارى گیانله‌ده‌ستدانی مه‌جید هه‌رووتی پێكده‌هێندرێت

سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2020/1/19، لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی رێڤینگ محه‌مه‌د هرورى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ساتێك وه‌ستان بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان ده‌ستىپێكرد، دواتر هه‌روه‌ك له‌به‌رنامه‌ى كاردا هاتبوو ته‌وه‌رى سه‌ره‌كیى كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاووتوێكردنی پرسی گیان له‌ده‌ستدانی هاووڵاتى (مه‌جید هه‌رووتى) بوو كه‌پیشه‌ى پێشمه‌رگه‌ بووه‌، دوای تاووتوێكردنی بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت به‌دواداچوون بۆ بابه‌ته‌كه‌ بكات و به‌پێى به‌ڵگه‌كان راپۆرتى خۆى له‌ڕێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار بكات.
دواتر پێشنیازكرا فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان هه‌ماهه‌نگیى زیاتریان هه‌بێت له‌كاتى روودانى حاڵه‌تى ئاواداو پێكه‌وه‌ یه‌كهه‌ڵوێست بن بۆ خستنه‌ڕووى راستییه‌كان بۆ راى گشتى.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌پێویست زانرا كه‌ حزبه‌كان له‌كاتی روودانی ئه‌مجۆره‌ حاڵه‌تانه‌ رێگه‌ به‌كادرو به‌رپرسه‌كانیان نه‌ده‌ن به‌بێ ئاگاداریى ئه‌وان لێدوانى ناڕاست له‌ راگه‌یاندن بڵاو بكه‌نه‌وه‌.