لیژنەی ناوچە كوردستانییهکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خوی ئەنجامدا
بەمەبهستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بەكارى لیژنەكه، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە 2020/1/15، لیژنهی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهى ئیدارهى ههرێم بەسەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكى لیژنەو بریاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و نوسراوانەى کە ئاراستەی لیژنەكه کرابوون خوێندنەوەیان بۆ کراو دوای گفتوگۆکردن لەلایەن ئەندامان ئەوانەی پێویستیان بەوەڵامدانەوە ههبوو وەڵامدرانهوهو ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
ھەر لەکۆبوونەوەكهدا گفتوگۆکرا لەسەر دوا ھەنگاوەکانی دروستکردنی پەرتووکێکی تایبەت لەسەر مێژوو و جۆگرافیای ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش ھەریەک لەبەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان و بەرپرسی پەرتووکخانەی پەرلەمان و د.خهلیل ئیسماعیل بسپۆڕ لەبوارى مێژوو و جوگرافیای ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم میوانداریی کۆبوونەوەی لیژنەكه کران.
دوای گفتوگۆکردنێکی چروپڕ لەسەر ئەم پرسه ئەندامانی لیژنە راو و سەرنجی خۆیان لەسەر دوا ھەنگاوەکانی دروستکردنی پەرتووکەکە خستهڕوو بۆئەوەی لەناو پەرتووکەکە جێگهیان بکرێتهوه.
بڕیاره پەرتووکهكه بەسەرپەرشتیی لیژنەى ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهى ئیدارهى ههرێم لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەى پهرلهمان و پەرتووکخانەی پەرلەمان بەنوسینەوەی د.خهلیل ئیسماعیل دەربکرێت. لەکۆتاییدا بریاردرا بەشێوەی تایپ ئامادە بکرێت و بدرێت بەلیژنەكه بۆ پێداچوونەوەی پێویست و دواتر دەرکردنی پەرتووکەکەو وەرگێڕانی بۆ زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی.