Skip to the content
Menu

نوێنەرانی دەشتی نەینەوا یاداشتێکیان ئاراستەی لێژنەی ناوچە کوردستانیەکان کرد

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٢/١/٢٠٢٠لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، پێشوازییان لە نوێنەری ھاوڵاتیانی دەشتی نەینەوا کرد.

لە دانیشتێک دا بە سەرپەرشتی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و بە ئامادەبوونی ئەندام و ڕاوێژکارانی لیژنەکە لەگەڵ نووێنەرانی ھاوڵاتیانی دەشتی نەینەوا کۆبوونەوە، کە بە مەبەستی پێشکەشکردنی یاداشتنامەیەک سەردانی لێژنەکەیان کردبوو.

لەیاداشتنامەکەدا کە واژۆی ۲۲ هەزار هاووڵاتی ئەو ناوچانەی بەسەرەوە بوو ئاماژەیان بە چەندین داواکاری کردووە ، لەوانە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناوچەکانیان، و ڕێگری بکرێ لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانیان، و نەهێشتنی هێزی میلیشیا چەکدارەکان، هاوکات لە یاداشتەکەدا داوایان کردووە خۆیان ئیدارەی ناوچەکانیان بکەن و بنەماکانی پێکەوەژیان هاوشێوەی ناوچەکانیتری هەرێمی کوردستان بپارێزن.

لەلایەن خۆیانەوە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوە کردەوە کە نوێنەرایەتی خواست و داخوازییەكانی خەڵكی ئەو ناوچانە بە سەرجەم پێكھاتەكانییەوە دەكەن و دڵنیایی بە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەدەن كە ھەوڵەكانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ پەرلەمانی عێراق بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ كێشەكانیان، هاوکات بەڵێنیان پێدان داواكارییەكانیان دەگەیەنن بە سەرجەم نوێنەرایەتی وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە لە ھەرێمی كوردستان بوونیان ھەیە.