Skip to the content
Menu

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی فەرەنسا باسیان لە گرنگی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان کرد

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣٠/١/٢٠٢٠ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا باس لە پڕۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان کرا، لەمبارەیەوە کۆنسوڵی گشتی فەرەنسا بەبۆنەی پەسەندکردنی یاسای چاکسازی پیرۆزبایی لە پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەوەی خستەروو کە چاکسازی پرۆسەیەکی قورسە و تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووکانی ئەوروپاش بە ئەستەم ئەنجام دەدرێت بۆیە ئەو هەنگاوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە دەسپێکێکی باش نیشاندا.  

لەلایەن خۆیەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکی زیاتری خستە سەر هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و رایگەیاند پڕۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت لەسەرجەم سێکتەرەکان و لە ناویشیاندا مەسەلەی ڕێکخستەنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، و هەروەها ئاماژەی  بەو یاسایانە کرد کە پێویستە هەمواربکرێنەوە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، لەوانە یاسای وەبەرهێنان و ئەنجامدانی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان .

 هەر لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە پێویستی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە عێراق کرد و ئەوەی خستە روو کە لە ئێستادا جارێکیتر مەترسیەکانی داعش سەریان هەلداوەتەوە .

لەکۆتاییدا هەردوو لا دۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد و هیوایان خواست کە سەقامگیری و ئاسایش باڵبکێشێت بۆسەر عێراق و ناوچەکە.