Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ده‌كات

سه‌عات 3:30ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌‌ 2020/1/12، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (13)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ بریتی بوو له‌خستنه‌ڕووی خاڵی سێیه‌م به‌رنامه‌ی كار كه‌ تایبه‌ت بوو به‌‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) به‌پێی حوكمی ماده‌كانی ( 87 ، 88 ،89 ، 92) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.
له‌م خاڵه‌ی به‌رنامه‌ی كار هه‌ریه‌كه‌ له‌وه‌زیرانی دارایی و وه‌زیری ناوخۆو وه‌زیری پێشمه‌رگه‌و وه‌زیری شه‌هیدان و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌بریكارو به‌رێوه‌به‌ری گشتیی وه‌زاره‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان ئاماده‌یبوون و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ به‌خێرهاتنیان كرا.
پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان خاڵه‌كه‌ی به‌رنامه‌ی كاری خسته‌ڕوو كه‌ تایبه‌ت بوو به‌‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ ئه‌سڵی پرۆژه‌یاساكه‌و راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كان خوێندرانه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌سڵی پرۆژه‌یاساكه‌، له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان لیژنه‌ی یاسایی پێشنیازی هه‌مواری حكومه‌ت بۆ زیادكردنی ماده‌یه‌كى بۆ پرۆژه‌یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران خوێندرایه‌وه‌.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشنیازی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو به‌پێی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كان بكرێته‌ بنه‌مای گفتوگۆكانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌، ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌ده‌نگی 97 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا، راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌ ناوونیشان و 21 ماده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن پێكهاتووه.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی په‌رله‌مان لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌ش ناوونیشان و ماده‌و برگه‌كانی پرۆژه‌یاساكه‌یان بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو.
له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ چه‌ندین تێبینی و پێشنیاز له‌باره‌ی ماده‌كانی یه‌كه‌م تا چواره‌می پرۆژه‌یاساكه‌ خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن وه‌زیران و ستافی حكومه‌ته‌وه‌ تێبینی و روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌باره‌ی ئه‌و ماده‌و برگانه‌ی كه‌ ڕووننه‌بوون یاخود پێویستییان به‌ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌بوو پێشكه‌شی په‌رله‌مانتاران كرا.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكاندا سه‌باره‌ت به‌به‌شی دووه‌می پرۆژه‌یاساكه‌ كه‌ ماده‌ی دووه‌می تایبه‌تبوو به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی ماف و ئیمتیازاته‌كانی میراتگرانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی كه‌ پرسیارو تێبینیی زۆری لای په‌رله‌مانتاران دروستكردبوو، له‌لایه‌ن وه‌زیری شه‌هیدان و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌وه‌ روونكرایه‌وه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆك و مه‌به‌ستی ماده‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مانای ئه‌وه‌ ناگه‌ینێت كه‌ مووچه‌و ئیستحقاقاتی میراتگرانی ئه‌و چینه‌ ببڕدرێت به‌ڵكو ته‌نها مه‌به‌ست لێی رێكخستنه‌وه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كان و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی به‌ئاینده‌شه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا.
هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن وەزیری دارایی و نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌ له‌باره‌ی مافی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت روونكردنه‌وه‌ی پێویست پێشكه‌شكران و هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاران جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌پێویسته‌ مافی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان پارێزراوبێت و هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاریش داوایانكرد كه‌ پێویسته‌ مووچه‌و به‌خشینی شایسته‌ به‌ژیانی ئه‌وان دابین بكرێت و ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا بۆیان دابین كراوه‌ كه‌مه‌.
هه‌ر له‌درێژه‌ی گفتوگۆكانی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌چوارچیوه‌ی ماده‌ی چواره‌م تایبه‌ت به‌ بواری پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆڵیسی ناوخۆ، هه‌ردوو وه‌زیرانی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ی پێویستییان له‌باره‌ی ئه‌و ماده‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو، هه‌ردوو وه‌زیر هاوڕابوون له‌سه‌ر چاككردنی باروگوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ناوخۆو رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌رك و مافه‌كانیان. له‌به‌شێكی روونكردنه‌وه‌كاندا وه‌زیری ناوخۆ رایگه‌یاند: "وه‌كو وه‌زاره‌ت ئێمه‌ هه‌ر به‌چاكسازیی مووچه‌ ناوه‌ستین و چاكسازی له‌هه‌یكه‌لیه‌ت و ئیداره‌و شێوازو كاری ده‌زگاكانیش ده‌كه‌ین".
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا له‌خاڵی تایبه‌ت به‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر ناوونیشان و چوار ماده‌ی پرۆژه‌یاساكه‌ گفتوگۆكردنیان ته‌واوبوو، ماده‌ی یه‌كه‌می كه‌ له‌چوار بڕگه‌ پێكهاتبوو تایبه‌تبوو به‌ئامانجه‌كانی یاساكه‌، ماده‌ی دووه‌میش تایبه‌تبوو به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی ماف و ئیمتیازاته‌كانی میراتگرانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی و له‌حه‌فت بڕگه‌ پێكهاتبوو، ماده‌ی سێیه‌میش تایبه‌تبوو به‌نه‌هێشتنی سوومه‌ندبوون له‌جارێك زیاتر له‌بودجه‌ی گشتی و له‌چوار بڕگه‌ پێكهاتبوو، ماده‌ی چواره‌میش تایبه‌تبوو به‌بواری پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆو له‌شه‌ش برگه‌ پێكهاتبوو.
دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكانی هه‌ر چوار ماده‌كه‌ له‌كۆی 21 ماده‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌، دانیشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ كۆتایی پێهات و رایگه‌یاند: "سه‌عات 10:30 به‌یانیی 2020/1/13 دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌.