Skip to the content
Menu

پڕۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان په‌سندكرا

له‌به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قلییه‌كان و پرۆژه‌بریاری رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمانى په‌سندكرد.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌‌ 12/1/2020، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (13)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌‌وه‌ كه‌ له سێ خاڵ پێكهاتبوو خاڵی یه‌كه‌م بریتى بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای (ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قلییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق به‌پێی حوكمی ماده‌كانی ( 90، 91 ،92 ، 96 ، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق ، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیاری (رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان) به‌پێی حوكمی ماده‌كانی ( 90، 91 ،92 ، 96 ، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، خاڵی سێیه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) به‌پێی حوكمی ماده‌كانی ( 87 ، 88 ،89 ، 92) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.
هه‌روه‌ها پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه‌‌.
پاشان به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ى كارو له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى تره‌وه‌ راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كان و ئه‌سڵی پرۆژه‌یاساكه‌ خوێندرایه‌وه‌و ناوونیشان و ماده‌به‌ماده‌ی پرۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قلییه‌كان له‌ هه‌رێم كه‌ له‌ 10 به‌ش پێكهاتبوو له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن و سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌دانیشتنی پێشوودا خرابوونه‌ڕوو و له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوون به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ په‌سندكران.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشنیازی راپۆرتی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى له‌سه‌ر خشته‌ی هاوپێچی پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و ئه‌م هاوپێچی خشته‌كانیش بۆ پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتی لیژنه‌كان به‌ 78 ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سندكرا.
دوای ته‌واوبوونی ده‌نگدان له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانی پرۆژه‌یاساكه‌و خشته‌ی هاوپێچ، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ كۆی پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنیشیه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ ده‌نگی 88 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
جێی ئاماژه‌یه‌ مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ بەلەبەرچاوگرتنی پەسەندكردن و ئه‌ندامبوونى كۆماری عێراق لە چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بەمادەى هۆشبەرو كارتێكارە عەقڵییەكان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی بازرگانیكردنی ناڕەوا بەمادەهۆشبەره‌كان و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان و لەپێناو لەناوبردنی باندەكانی تاوانكاری، ئەوانەی هانی هاووڵاتییان ده‌ده‌ن بۆ بەكارهێنانی ئەم مادانە كە هەڕەشەیەكی ترسناكە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و خۆشگوزرانیان و زیان دەگەیەنێت بەبنەماكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ڕەوشت لەناو كۆمەڵگەداو بەمەبەستی پەیڕەوكردنی ڕیسای زانستییانە لەچارەسەركردنی ئەو كەسانەی ئاڵودەی مادەهۆشبەره‌كان و كارتێكارە عەقڵیەكانن و بۆ پتەوكردنی هاوكاریی نێودەوڵەتی لەم بوارەو بەمەبەستی ڕیگەنەدان بەچاندنی مادەهۆشبەرەكان یان ئەو ڕووەكانەی كارتێكاری عەقڵییان لێدەردەهێنرێت یان سنوورداركردنیان وەك ئافاتێكی مەترسیدار كە هەڕەشە لە قەوارەی كۆمەڵگە دەكات و دانانی سزای پێشگر بۆ ئەو كەسانەی دەیانچێنن یان بازرگانییان پێوە دەكەن.
دواتر خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار خرایه‌روو كه‌ تایبه‌تبوو به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیاری رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كان و ئه‌سڵی پرۆژه‌بڕیاره‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌، سه‌ره‌تا ناونیشانی پرۆژه‌بریاره‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و وه‌كو خۆی به‌ 71 ده‌نگ په‌سندكرا، برگه‌ی یه‌كه‌می پرۆژه‌بریاره‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌دیاریكردنی رۆژه‌كان و له‌دوو خاڵ پێكهاتبوو وه‌كو خۆی به‌ 70 ده‌نگ په‌سندكرا، برگه‌كانی دووه‌م و سێیه‌م تایبه‌تبوون به‌ حوكمه‌ كۆتاییه‌كان و هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكران.
سه‌باره‌ت به‌هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنیشى سێ پێشنیاز هه‌بوو، دواى خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌ پرۆژه‌بریاره‌كه‌دا به‌ 72 ده‌نگ په‌سندكرا. دواتر كۆی پرۆژه‌بریاره‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ 73 ده‌نگ په‌سندكرا.
به‌ر له‌خستنه‌رووی خاڵی سێیه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كار كه‌ تایبه‌تبوو به‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌ساردو رایگه‌یاند: "سه‌عات 03:30 پاشنیوه‌ڕۆ دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌".