Skip to the content
Menu

راپۆرتێكى هاوبه‌ش له‌سه‌ر دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ئاماده‌ ده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرتێكى هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌دۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2020/7/19، هه‌ردوو لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى جوان رۆژبەیانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و رێڤینگ هرۆری سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌و ئاماده‌بوونی ئەندامان و راوێژکارانى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و سیاسه‌تی ته‌عریبكردن و ده‌ربه‌ده‌ركردنی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌و مه‌ترسیى میلیشیاكان له‌سه‌ر پێكهاته‌كان و هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی سوپای عێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان به‌چڕوپڕی تاووتوێ كران و بڕیاریشه‌ راپۆرتێكی هاوبەش به‌داتاو به‌ئامارو كۆمه‌ڵێك راسپارده‌و داواكارى له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌رێم و حكومه‌تی فیدرالیی عێراق لەسەر دۆخى ئه‌و ناوچانه‌ ئاماده‌ بكرێت و ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌.