سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له كونسڵی گشتی فه‌ره‌نسا كرد
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 6/7/2020 د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له ئۆلیڤیێ دیكۆتینیێ كۆنسڵی گشتی فه‌ره‌نسا له هه‌رێمی كوردستان كرد، له دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوا پێشهاته سیاسیه‌كانی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه كرا، به تایبه‌ت مه‌ترسیه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و پرۆسه‌ی ته‌عریب له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند " كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌هۆی دۆخی نه‌خوازراوی ڤایرۆسی كۆرۆناوه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ دواخران، بۆیه له هه‌فته‌ی ڕابردوودا ئه‌م وه‌رزه تهشریعیهمان بۆ ماوه‌ی مانگێك درێژ كرده‌وه، كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتووش تایبه‌ت ده‌بن به هه‌ریه‌ك له پرسی له‌شكركێشیه‌كانی توركیا بۆ ناو سنوری هه‌ریمی كوردستان و قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ته‌ندروستی و ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ وه‌رزی پایز" .
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاس وپێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتیه‌كانی وڵاتی فه‌ره‌نسا ده‌ربڕی، كه له هه‌موو قۆناغه‌كاندا هاوكاری هه‌رێمی كوردستانیان كردووه.
كۆنسڵی گشتی فه‌ره‌نسا (ئۆلیڤیێ دیكۆتینیێ ) سوپاسگوزاری خۆی ده‌ربڕی بۆ پێشوازی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وتی: سیاسه‌تی ئێمه پشگیری كردنه له كوردستانێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز، هیوادارین ئه‌م یه‌كگرتوویی و سه‌قامگیرییه سیاسیه له هه‌رێمی كوردستان درێژه‌ی هه‌بێت، وه ئێمه به‌رده‌وامده‌بین له هاوكارییه‌كانمان بۆ هه‌رێمی كوردستان.