Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی کاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیکردن لەمافی مرۆڤ سەردانی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سنووری پارێزگای هەولێر ده‌كات

دوای سەردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ چاكسازییەكانی گەوران و ژنان و منداڵانی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم بەمەبەستی بەدواداچوون و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌کێشەو گرفته‌كانیان و داواکاریی راگیراوان و بەندکراوان کەكێشەو گرفتی زۆریان بۆ دروست بووەو بووەتەهۆی ئەوەی کەکه‌یسەکانیان لەدادگاکان دوابکەوێت بەهۆی جێبەجێكردنی رێنماییەكانى خۆپارێزی له‌پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا COVID19، سه‌عات۱۰ی بەیانیى ئەمڕۆ سێشه‌مه‌ ۷/۷/٢٠٢٠، شاندێکی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بەسەرۆكایەتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی هیمداد صباح بلال ئەندامی لیژنه‌كه‌و كامه‌ران تاهیرو مەروان حاجى شه‌عبان راوێژكارانی لیژنەكه‌و بەرپرسی رێكخراوی ئەفرا بۆ هاوكاری و گەشەپێدانی مرۆیی سەردانی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سنووری پارێزگای هەولێرى کرد .
شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان ‌لەلایەن حاکم ئیبراهیم ئیسماعیل خۆشناو سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێرو سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریى هه‌رێم بۆ دیراسه‌تكردنی دۆخی سزاداروان راگیراوانی هه‌رێم پێكهێنرابوو به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێك بۆ ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك له‌ڕاگیراوان پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
سەرەتاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ رۆمیۆ هەکاری سەرۆکی لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان باسی لەکێشەو گرفتی چاکسازییەکانی هەرێم كردو تیشكی خسته‌سه‌ر پرسی مۆڵەتی بەکه‌فالەت بۆ راگیراوان و ئیفراج شەرتی و لێخۆشبوونی تایبەتی و گشتی بۆ سزادراوان.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكه‌دا‌ ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەكه‌ چەندین پرسیاریان سەبارەت بەبارودۆخی راگیراوان و سزادراوانى ناو چاکسازییەکان ئاراستەی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر کردو ئه‌ویش وەڵامی سه‌رجه‌م پرسیارەکانی دایه‌وه‌.

لەکۆتاییدا حاکم ئیبراهیم ئیسماعیل باسی لەکارەکانی لیژنەکە کردو ئاماژەی بەهەوڵەکانی لیژنەکەدا کەپاش دیراسه‌کردن چەند پێشنیارێکیان سەبارەت بەئازادکردنی سزادراوان داوەتە سەرۆکایەتیی هەرێم بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.