Skip to the content
Menu

له‌ڤیدیۆ كۆنفڕانسێكدا له‌گه‌ڵ گرووپی په‌رله‌مانتارانى دۆستی كوردستان له‌په‌رله‌مانی به‌ریتانیا
سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان دۆخی سیاسی و ئابوورى و ته‌ندروستی و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌خه‌نه‌ڕوو

سه‌عات 2ى پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/7/21، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ گرووپی په‌رله‌مانتارانى دۆستی كوردستان له‌په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفڕانسێكه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم له‌وڵاتی به‌ریتانیا رێكخرابوو تیشكیان خسته‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابوورى و ته‌ندروستى و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیى عێراق.
له‌ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌كه‌دا سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیى عێراق كردو رایگه‌یاند: "دانوستاندنه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وامن بۆ گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێرداوانه‌ى نێوان هه‌ردوولاو هیوادارین كێشه‌كان له‌رێگه‌ی لێكتێگه‌یشتن و به‌پێی ده‌ستوورى عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن".
سه‌باره‌ت به‌دۆخى ئابووریی هه‌رێمیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئابوورى و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستی كردووه‌ به‌جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی و پشتیوانی و ئاماده‌یى په‌رله‌مانیشی بۆ حكومه‌ت ده‌ربڕی كه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ هه‌رشتێك پێویست بێت بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ درێغی لێناكه‌ن"، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ناكرێ هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا پشت به‌كه‌رتی نه‌وت و وزه‌ ببه‌ستێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی داهات، به‌ڵكو پێویسته‌ گرنگی به‌كه‌رته‌كانی دیكه‌ش بدات به‌تایبه‌ت هه‌ردوو كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكیشی خسته‌سه‌ر دۆخى ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆناو رایگه‌یاند: "تاڕاده‌یه‌كی زۆرباش حكومه‌ت توانیویه‌تی كۆنترۆلی دۆخه‌كه‌ بكات و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان رێكارو رێنمایی پێویستی گرته‌به‌ر بۆ رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاترى په‌تاكه‌و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان".
دواتر هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌رك و كاره‌كانی به‌رده‌وامه‌ له‌به‌دواداچوونى كاره‌كانی حكومه‌ت و ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌پێویستن بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان.

هه‌روه‌ها باسی له‌پرسی مووچه‌ كردو رایگه‌یاند: "له‌رێگه‌ی هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان به‌رده‌وامن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌و له‌هه‌مان كاتیشدا دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وامن بۆ گه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتن"، گووتیشی: "كێشه‌ی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ته‌نیا مووچه‌ نییه‌، به‌ڵكو چه‌ندین پرسی تریش هه‌ن كه‌تائێستا به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌ وه‌ك پرسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی تر".
گووتیشی: "گرنگیدان به‌كه‌رتی تایبه‌ت وه‌ك ستراتیجێك بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووریى هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌تایبه‌ت بووژاندنه‌وه‌ى كه‌رتی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی".
سه‌باره‌ت به‌پرۆسه‌ی چاكسازیش كه‌ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم هه‌نگاوه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ئێستادا كه‌وتۆته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ پێداگریی له‌سه‌ر كراوه‌ كه‌ له‌پێناوی به‌دیهێنانی یه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌".
هه‌روه‌ها به‌وردى ئاماژه‌ی به‌ له‌شكركێشه‌كان و تۆپبارانه‌كانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانی درواسێ و جموجۆڵه‌كانی داعش له‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و پێویستیی گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش له‌و ناوچانه‌و پاراستنی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌بێ جیاوازى كرد كه‌ئێستا گفتوگۆكان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستیان پێكردووه‌.
شایانی گووتنه‌ مه‌به‌ست له‌سازكردنی ئه‌و ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌ بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێكه‌ له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌تی به‌ریتانیا له‌لایه‌ن گرووپی په‌رله‌مانتارانى دۆستی كوردستان كه‌ ساڵانه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوه‌ گرووپه‌كه‌ له‌رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌وه راپۆرته‌كه‌یان ئاماده‌ ده‌كه‌ن.
له‌گرووپی په‌رله‌مانتارانى دۆستی كوردستان له‌په‌رله‌مانی به‌ریتانیا هه‌ریه‌ك له‌رۆبه‌رت هاڵفۆن سیاسه‌تمه‌دارو ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارتی پارێزگاران و جاك لۆپرستی ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارتی پارێزگاران و فیریال كلارك ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارتی كار و جه‌یسن مه‌كارنتی سیاسه‌تمه‌دارو ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارتی پارێزگاران گارى كێنت سكرتێری گرووپی په‌رله‌مانتارانی به‌ریتانیا بۆ دۆستایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌كه‌دا به‌شداربوون و تیایدا راو سه‌رنج و پێشنیازه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌كه‌دا خرانه‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردو ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ وه‌ڵامی پێویستی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانیان دایه‌وه‌.