Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌شاندێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/7/20، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌شاندێكى فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تیی ‌د.جوان ئیحسان سه‌رۆكی فراكسیۆن و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌به‌‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌دۆخی ته‌ندروستی و دارایی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق كراو جه‌خت له‌سه‌ر یه‌ك تیمی و كۆده‌نگیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كانی تایبه‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌.
هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانی له‌یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی نێوان فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات"، داواشیكرد په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ لیژنه‌كانیان هاوكاربن له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان.
لای خۆیه‌وه‌ د.جوان ئیحسان سه‌رۆكی فراكسۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه،‌ هیوای خواست هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان له‌په‌رله‌مانی عێراق به‌رده‌وامیان هه‌بێت و په‌رله‌مانی كوردستانیش وه‌ك هه‌میشه‌ هاوكارو هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا.