Skip to the content
Menu

راپۆرتێك له‌سه‌ر ره‌وشى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ئاماده‌ ده‌كرێت

بەمەبه‌ستی تاووتوێكردن و ئاماده‌كردنی راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، رۆژی یەکشەمە 2020/7/5، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپەشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
له‌کۆبوونەوەكه‌دا ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم تاووتوێ كراو سه‌رجه‌م ئەو پێشنیارو پرسیارانەی سه‌باره‌ت به‌ڕەوشی ئه‌و ناوچانه‌ لەلایەن ئەندامانەوە گه‌ڵاڵه‌ كرابوون تاووتوێ كران و له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ كران به‌ڕاپۆرتێک و بڕیاره‌ ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت بۆئه‌وه‌ى بخرێته‌ به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنی پەرلەمان، ڕاپۆرته‌كه‌ش خۆی لەدوو تەوەری سەرەکی ده‌بینێتەوە یەکەمیان ھەرچی بەدواداچوونى لیژنەكه‌ ھەبووە لەسەر دوخی ئەو ناوچانە له‌گه‌ڵ چارەسەرو پێشنیارەکان، دووەمیان داواکاریی خەڵکی ئەو ناوچانە چییە کەئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون.
ھەروەھا نوسراوێکی جەختکردنەوە ئاراسته‌ی سەرۆکایەتیی پەرلەمان كرا بۆ تەئکید کردنەوە لەدانیشتنی پەرلەمان کەبڕیارە بەم نزیکانە دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دوخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ساز بکرێت.