Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌وه‌فدێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات
د.رێواز فایه‌ق: "پشتیوانی له‌تیمی دانوستانكاری هه‌رێم و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ین"

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/7/20، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی له‌‌وه‌فدێكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جوان ئیحسان كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا كه‌سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌یبوون، باسی دواپێشهاته‌ سیاسییه‌كان و گۆڕانكارییه‌ خێراو یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا، هه‌روه‌ها دۆخی گشتیی ته‌ندروستی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و كوردستان باسی لێوه‌ كرا.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ پێمانوایه‌ به‌غدا قووڵایی ستراتیژیی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌په‌یوه‌ندییه‌كانیشماندا له‌گه‌ڵ ناوه‌ند پشتیوانی له‌تیمی دانوستانكاری هه‌رێم و ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی كورد ده‌كه‌ین له‌په‌رله‌مانی عێراقدا، به‌ئاڕاسته‌ی گه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتنێكی هاوسه‌نگ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بێت و پاڵپشتیی زمانی دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش ده‌كه‌ین له‌سه‌ر شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".
لای خۆیه‌وه‌ د.جوان ئیحسان سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ستایشی ڕۆڵی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا بوێرانه‌ ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ و پێشهاته‌ له‌ناكاوه‌كان بۆته‌وه‌و‌ به‌ناوی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌‌.