Skip to the content
Menu

سێ لیژنەی په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ دۆخى ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێم ده‌كه‌ن

لەڕۆژانی 4، 5، 6ى ته‌مووزى 2020، سێ شاندى جیاواز له‌ لیژنەكانى (پێشمه‌رگه‌، ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانی) له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک، سەردانی مەیدانیان بۆ ناوچە سنوورییەکانى هه‌رێم دەستپێکرد کە لەلایەن تورکیاو ئێرانه‌وه‌ تۆپباران دەکرێن، مه‌به‌ست له‌و سه‌ردانه مه‌یدانییانه‌ ئامادەکردنی راپۆرتێكه‌ سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی ئه‌و ناوچه‌ سنوورییانه‌ بۆ سەرۆکایەتيی پەرلەمان و لایەنه‌ پەیوەندیداره‌كان.
شاندی پارێزگای دهۆک بەسەرۆکایەتیی رێڤینگ هروری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و شاندی پارێزگای سلێمانی بەسەرۆکایەتیی شاخەوان رەئوف سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و شاندی پارێزگاى هەولێر بەسەرۆکایەتیی د.رێبوار بابکەیی سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانى و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان بووه‌و سەردانی قەزاو ناحیەو ناوچە سنوورییەکانیان کردووەو لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان کۆبوونەوەی پێویست ئه‌نجام دراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست لەسەر ئاماری زیانه‌ مادی و گیانییه‌كانی لەئەنجامی تۆپبارانەکان كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، هەروەها ژمارەی گوندە چۆڵکراوەکان و ئەو خەڵکانەی کەلەترسی تۆپباران کۆچیان کردووە، بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەم ئامارانەو هۆکارەکانی تۆپبارانکردنی ئەم ناوچانەو راسپاردە پێویستەکان بکرێتە راپۆرتێكی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌و ئاراسته‌ی سەرۆکایەتیی پەلەمان بكرێت.