لیژنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ هۆکاری گیانلەدەستدانی سزادراوێکی ناو چاكسازیى گه‌ورانى هەولێر دەکات
ئه‌مڕۆ چوارشه‌مە ٢٠٢٠/٧/٢٢، شاندێكی لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی گوڵستان سه‌عید جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامیه‌تیی مەم اسکندرو شیرین یونس و شادی نوزاد ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌و کامه‌ران محه‌مه‌د راوێژکاری لیژنەكه، سه‌ردانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازیى گه‌ورانى هه‌ولێری كرد‌و له‌لایه‌ن هێمن فاروق نانه‌كه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه پێشوازییەکی گەرمیان لێكرا.
له‌دیدارێكدا سه‌ره‌تا سەرۆکی شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان مه‌به‌ستی سەردانى شاندى لیژنهكهیانی بۆ چاکسازییەکە روونكرده‌وه كه‌بۆ به‌دواداچوون و له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوونه له‌هۆکاری گیانلەدەستدانی یەکێک لەسزادراوەکانی ناو چاکسازییەکە بەناوی که‌مال که‌ریم حهمەدهمین، هەروەها بۆ ئاگاداربوون له‌ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌ناو چاكسازییهكهداو چۆنیەتیی بەرێوەچوونی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی تەندروستی تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا کۆڤید۱۹لهناو چاكسازییه‌كه‌دا.
پاشان بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر باسی لەهۆکارو شێوازی گیانلەدەستدانی ئەم سزادراوە بۆ شاندەکەی پەرلەمان خسته‌ڕوو کەئەم سزادراوە هیچ کێشەیەکی لەناو چاکسازیدا نەبووە، هەروەها بەپێی گۆتەی شایەدحاڵەکان ئەم سزادراوە نەخۆشیی سه‌رعی واتا پەرکەمی هەبووە لەکاتی گرتنی نەخۆشییەکەی زمانی خۆی قووتداوەتەوەو گیانی لەدەستداوە، هەروەها بەپێی وتەی بەرێوەبەری چاکسازییەکەو روونکردنەوەی راپۆرتی سەرەتایی پزیشکی دادی سزادراو که‌مال که‌ریم حه‌مه‌ده‌مین لەرێکەوتى ٢٠٢٠/٧/٢١ کاتژمێر ٦:١٥ی ئێوارە کۆچی دوایی کردووه، بەپێی وتەی بەرێوەبەری چاکسازی هەمووجۆرە پشكنینێك لەلایەن پزیشکی دادی بۆ سزادراوی کۆچکردوو دەکرێت دەرئەنجامی پشكنینه‌كانیش لەکاتێکی نزیک بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
هه‌ر له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لەگەڵ نوێنەری زۆربەی مادەکانی سزادراوان كۆبووەوەو له‌نزیكه‌وه گوێیان لهداواكارییەكانیان و کێشەو گرفتەکانیان گرت و بەڵێنی گەیاندنی داواكارییه‌كانیان به‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تایبەت بەسزادراوان دا‌و ئامادەیى خۆشیان پیشاندا كەوا بەردەوام دەبن لەو سەردانانەیاندا.
لەكۆتایی سه‌ردانه‌كه‌یاندا شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سوپاسی بەڕێوەبەرو ستافی چاكسازییه‌كه‌یان كرد بۆ هەوڵ و ماندوبوونی بەردەوامیان بۆ باشترکردن و پێشخستنی ڕەوشی مافی مرۆڤ لەناو چاكسازییەکەداو دەستخۆشییان لەكارمەندانی ناو چاکسازییەکە کرد بۆ ئەو ئەرك و ماندووبوونە بەردەوامەی دەیكێشن بۆ سەلامەتیی تەندروستیی سزادراوان بەگشتی.