Skip to the content
Menu

لیژنەی شەهیدان پڕۆژەیاسای قوربانیانی جینۆساید تاووتوێ دەكات

بەمەبەستی دانانی میكانیزمێك بۆ چاودێریكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی و تاووتوێكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی ئاراستەی لیژنەكە كراون، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەمە 2020/7/26، لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكى لیژنەو ژماره‌یه‌ك له‌ئەندامان و راوێژكارانى لیژنەكە كۆبووه‌وە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو كێشەو گرفتانەی كەسوكاری شەهیدان كرا كەئاڕاستەی لیژنەكە كراون و تیشك خرایه‌سەر چۆنیەتیی چارەسەركردنیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی پڕۆژه‌یاسای ونبووەكان كراو لەلایەن سەرۆكی لیژنەوە داوا لەتەواوی ئەندامانی لیژنەكە كرا سەرنج و تێبینییەكانیان لەسەر پڕۆژەیاساكە ئامادە بكەن بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی زیاترى و ئامادەكردنی بەمەبەستی خستنەبەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای قوربانیانی جینۆساید كراو لەلایەن سەرۆكی لیژنەوە داوا لەئەندامان كرا گرنگیی تەواو بەتێبینی و سەرنجەكانیان بدەن له‌پێناو بەرژەوەندیی ئه‌و توێژە.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر دانانی میكانیزمێك بۆ چاودێریكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی لەو بەڕێوەبەرایەتییانەی كه‌سەر بەوەزارەتی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی-ن كرا بۆ گێڕانه‌وه‌ى مافی راستەقینه‌ى خۆیان.
لەكۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنە بڕیاریدا دوای جەژن سەردانی مەیدانیی تەواوی ئەو فەرمانگانە بكات كەسەر بەوەزارەتی شەهیدانن و چاودێریی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بكەن و لەنزیكەوە ئاگاداری هەنگاوەكان بكەن.
لیژنەكە بڕیاری ئەوەشیدا كە هەر پڕۆژە یاساییەك ئاڕاستەی لیژنەكەیان بكرێت، ئەوە كۆبوونەوەی تایبەتی بۆ بكرێت و بەتەواوەتی تیشكی بخرێتەسەری و كاری جدی لەسەر بكەن.