Skip to the content
Menu

لیژنەی کشتوکاڵ پرسی بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان لەگەڵ هەردوو وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی تاووتوێ ده‌كات

سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2020/7/9، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری له‌پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی بەرهەمە خۆماڵییەکان و سێکتەری کشتوکاڵ لەگەڵ بێگه‌رد تاڵه‌بانی وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و كه‌مال موسلیم وه‌زیری بازرگانیی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کەبه‌ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سەرۆکایەتیی لیژنەی کشتوکاڵ و ژمارەیەک لەئەندامانی لیژنەكه‌و ژمارەیەک لەبەرێوەبەرانی گشتی و راوێژکارانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی بەڕێوەچوو، باس لەپلان و پڕۆژەکانی حکومەت بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەرووبوومی جووتیاران و چۆنیەتیی پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و وەبەرهێنان تێیدا کرا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا عه‌بدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان پرسیارو پێشنیازەکانی لیژنەکەى خستەروو و بەناوی لیژنەکەوە داوای لەهەردوو وەزیرانی کشتوکاڵ و بازرگانی کرد کەپلان و پڕۆژەکانی حکومەت لەبارەی چۆنیەتیی بەبازاڕکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان روونکردنەوەی پێویست بخەنەڕوو، هەروەها داوای کرد له‌سه‌ر چۆنیەتیی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و نەهێشتنی دیاردەی قاچاخ لەسەر سنوورەکان روونکردنەوەیان پێبه‌ده‌ن.
هەر لەلایەن لیژنەی کشتوکاڵەوە ئەوەش خرایەڕوو کەپەرلەمان وەکو دامەزراوەیەکی تەشریعی ئامادەیە هاوکاری حکومەت بێت لەدەرکردنی هەر یاساو بریارێک كه‌ بۆ پێشخستنی كه‌رتى کشتوکاڵی پێویست بێت، ئەوە لیژنەکەش هاوکاریی تەواوی هەردوو وەزارەتەکە دەبێت.
هەر لەچوارچێوەی پێشنیازو پرسیارەکانی لیژنەی کشتوکاڵ، چەند بابەت و پرسێکی دیکەی پەیوەست بەچۆنیەتیی دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان جووتیاران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و بازرگانەکان و هەروەها چۆنیەتیی بەرزکردنەوەی توانای بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هاوکاریکردنی بەرهەمی جووتیاران خرانەڕوو.
دواتر لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حکومەتی هەرێم، روونکردنەوەی پێویست بۆ پرسیارو پێشنیازەکانی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان خرایەڕوو و راشیگەیاند: "ئەو کێشانەی ئێستا لەسێکتەری کشتوکاڵی هەرێم بەدی دەکرێن و هەن، کێشەی ئەمڕۆ نییە بەڵکو بۆ چەندین ساڵە ئەو کێشانە بوونی هەبووەو کەڵەکەبووی چەندین ساڵەیه، لەم کابینەیەشدا زۆرترین هەوڵ و کار بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ بووە".
وەزیری کشتوکاڵ ئەوەشی خستەڕوو، سەرباری قورسیی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە، وەکو وەزارەت بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هەوڵی زۆرماندا کێشە بۆ قۆناغەکانی کێڵان و چاندن و پەینکردن دروست نەبێت و تاڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووین، بەڵام لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکان و هێنانی بۆ بازاڕ، ئەوا ئاستەنگی زۆر بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان هەم لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و هەمیش لەنێوان هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دروست بوو، هەرچەندە دواتر ئەو کێشەیەمان لەگەڵ عێراق تاڕادەیەکی باش چارەسه‌رکرد".
راشیگەیاند: "بۆ یەکەمجارە زۆرترین باج خراوەتەسەر بەرووبوومی هاوردە"، گووتیشى پێویستە ئەوە بزانرێت کە پرۆسەی چاندن تاهێنانی بۆ بازاڕ لەئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵە، قۆناغی دواتر بە بازاڕکردن ئەرکەکەی دەکەوێتە سەر حکومەت.
له‌درێژه‌ى قسه‌كانیدا وه‌زیرى كشتوكاڵ رایگه‌یاند: "بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەت دەستی بەستراوە لە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ گێڕانەوەی کرێی گواستنەوە".
لەبارەی کارەکانی حکومەتیش بۆ پەرەپێدانی كه‌رتی کشتوکاڵ، وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند: "کارگەکانی دۆشاوی تەماتەو ئاوی میوە ده‌خرێته‌وه‌ گه‌ڕو هەروەها لەڕێگەی ٣ کۆمپانیاوە لەساڵی داهاتووەوه‌ ساڵانە تا ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم لەجووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت بۆ کارگەی ئاردو دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی، هەروەها مۆڵەتی دروستکردنی کارگەیەکی شەکرمان داوە بەکۆمپانیایەک کەگرێبەست لەگەڵ ٨ هەزار جووتیار دەکات بۆ چاندنی چەوەندەرو رێگەش بەچەند پڕۆژەیەکی پەلەوری دراوە، بەتایبەت لەبەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن کە بەرهەمهێنان تائاستی پێداویستیی ناوخۆیی دابین دەکات"، گووتیشى: "زیاتر لە ١٧٠ پڕۆژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لەماوەی ساڵێکدا مۆڵەتی پێدراوە، هەروەها بودجە بۆ تەواوکردنی چەند بەنداوێک تەرخانکراوە"، چەندین ئامارو داتای دیکەشى سه‌باره‌ت به‌کارو پڕۆژەکانی حکومەت بۆ پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ بۆ پەرلەمانتاران خستەڕوو.
پاشان کەمال موسلیم وەزیری بازرگانیی حکومەتى هەرێم لەبارەی بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان رایگەیاند: "ساغنەبوونەوەی بەرووبوومی کشتوکاڵی کێشەیەکە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، یەکێک لەکێشە گەورەکانیش وەرزى پێگەیشتنە کەزۆربەی بەرهەمەکان لەیەک کاتدا دێتە بازاڕو ئەمەش لەدەرەوەی توانای بازاڕەکانی هەرێم و تەنانەت عێراقیشە"، وەزیری بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو کەچەند رێگەچارەیەک هەن لەوانە: دروستکردنی ساردخانەکان بۆ هەڵگرتن و پاراستنى بەرووبوومی جووتیاران بۆ کاتی دیکەو هەروەها کارگەی لەقووتوونان، لەهەمووشی گرنگتر دۆزینەوەی بازاڕە لەدەرەوەى عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵمانداوەو لەئێستاشدا کارمان کردووە لەپێشانگای کشتوکاڵی کە لەئایندەیەکی نزیک لەئیمارات دەکرێتەوە بەرهەمە خۆماڵییەکان لەوێ بخەینەڕوو".
وەزیری بازرگانی ئەوەشی راگه‌یاند: "لەپلانی چوار ساڵی وەزارەت بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان جەختمان لەسەر پیشەسازیی خۆراک كردۆته‌وه‌، هەروەها دەبێت چاندنی جۆری بەرووبوومەکان لەلایەن جووتیارانەوە رێکبخرێتەوەو بەپلانیش بێت".
دواتر لەلایەن ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵەوە چەند پرسیارو پێشنیازی دیکە لەبارەی سێکتەری کشتوکاڵەوە ئاراستەی وەفدەکەی هەردوو وەزاره‌ت کران و ئه‌وانیش لەلایەن خۆیانەوە روونکردنەوەی پێویستیان بۆ پەرلەمانتاران خسته‌ڕوو.
دواتر له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مان و هه‌ردوو وه‌زیرانی كشتوكاڵ و بازرگانیی هه‌رێم، ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خسته‌ڕوو.