هێمن هەورامی پێشوازی لە بەرێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق-هەولێر کرد
پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ١٥/٧/٢٠٢٠ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ئاشلی دوریک، بەرێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق- هەولێر، کرد.
لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دواپەرەسەندنەکانی دۆخی تەندروستی و ئابووری و کێشە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و جموجۆڵەکانی داعش خستەروو،و تایبەت بە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە چەند بابەتێکی گرنگ وهەنووکەیی کرد، وەکو جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە لە ئێستادا کەوتووەتە واری جێبەجێکردن و چاکسازییەکانیش هەموو سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەردەوامیشیان دەبێت،هاوکات باسی لە هەماهەنگیەکانی نێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد،و رایگەیاند؛ لە داهاتوویەکی نزیکدا پەرلەمانی کوردستان لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ و هەنووکەیی تایبەت بە ئاڵانگارییەکان بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆدەرکردنی چەند بڕیار وڕاسپاردەیەک.
لەلایەن خۆیەوە ئاشلی دوریک، بەرێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق- هەولێر، ستایشی هەنگاوەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ، هاوکات پشتیوانی خۆشیان نیشاندا بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێکی راستەقینە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و هیوای خواست کێشەکان بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.