Skip to the content
Menu

هێمن هەورامی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان کرد

لەساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و کادیر و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکە کرد، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەبۆنەی یازدە ساڵ تێپەربوون بەسەر دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، گەرمترین پیرۆزبایی لەبەرێزان رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و کادیر و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین، هیواخوازین بزووتنەوەکە لە کارە باشەکانی بەردەوام بێت و سەرکەتووبێت لە هەنگاوەکانی داهاتوو.

بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارییەکی کارای لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، هاوبەشێکی سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانە،و بەردەوامیش داکۆکیکاربووە لە باشترکردنی کاری پەرلەمانی و حکومی و پابەندبووە بە کاراترکردنی دامەزراوەکان.

هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانیی، بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، پێویستە هەموو لایەنەکان بە تەبایی و برایەتییەوە هەنگاو بهاوێژن بۆ تێپەڕاندنی دۆخە سەختەکان و گەیاندنی کوردستان بە کەناری ئارامی، پێویستیشە هەموو هیزە سیاسییەکانی کوردستان یەکدەنگبن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سەروەرییەکەی کە بەرهەمی خەباتێکی دوورودرێژی خەڵکی کوردستانە و ئەمانەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوانە لە ئەستۆی ئێمە، و پێویستە مافە دەستوورییەکانمان زیاتر بچەسپێن و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێین، بەهەماهەنگی و هاوکاری گشت لایەنەکان هەنگاوەکانی چاکسازی درێژە پێبدەین، وەک چاکسازییەکی گشتیر لە سەرجەم سێکتەرەکان و لە ناویاندا لە خەرجی و داهات، دووبارە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٢٥/٧/٢٠٢٠