Skip to the content
Menu

رەوشی سزادراوان لەناو چاکسازییەکاندا تاووتوێ كرا

دوابەدوای سەردانی شانده جیاوازه‌‌كانی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ چاکسازییەکانی پارێزگاکانی هەرێم له‌ماوه‌ی رابردوودا، سه‌عات 9ى شه‌وى ئەمڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/6/30، لیژنه‌كه‌ بەسەرپەرشتیی رۆمیۆ هەکاری سەرۆکی لیژنەو بەشداریی جێگرى سه‌رۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەكه‌ به‌شێوه‌ی ئۆنلاین کۆبووەوە.
تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لەتاووتوێکردنی رەوشی سزادراوان لەناو چاکسازییەکاندا کەلەئێستادا پاراستنی مافی سزادراوان ئەرکی لەپێشینەی لیژنەکەیە بەئامانجی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی سزادراوان و تاووتوێکردنی ئەو داواکارییانەی کەلەماوەی رابردوودا لەکاتی سەردانه‌ مه‌یدانییەکانی لیژنەكه‌ بۆ چاكسازییه‌كانی پارێزگاكانی هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك له‌لایه‌ن سزادراوان به‌شانده‌كانی لیژنه‌كه‌ درابوون.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر داوکاری و کێشەو گرفتەکان و رەوشی سزادراوان لەناو چاکسازییەکاندا ئامادە بکرێت بۆئەوەی لەنزیکترین کاتدا بدرێت بەدەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەمەبەستی چارەسەرکردنیان و بڕیاردان لەسەریان.