Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری شەهیدان لەگەڵ وەزیری کاروباری شەهیدان تاوتوێی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییان کرد

 بەمەبەستی تاوتوێكردنی شێوازی هەنگاوەكانی چاكسازی و گفتوگۆكردن لەسەر مینحەی شەهیدان و ماف و ئیمتیازاتەكانیان و لەسەر بانگهێشتی لێژنەی شەهیدان، ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ی بەیانی ۳۰/٦/۲۰۲۰ عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری شاندێكی وەزارەتەكەی بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەبەردەم لیژنەی كاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەبوو.

لە كۆبوونەوەکەدا کە بەسەرپەرشتی سەوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان و بەئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەری سەرۆكی لیژنەكەو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە بەڕێوەچوو، گفتوگۆی چۆنیەتی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی چاكسازیكرا، وەزیری شەهیدان میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی بۆ لیژنەكە خستەڕوو، ئەوەشی پێ راگەیاندن كە لیژنەیەك لە بەڕێوەبەری پارێزگاكان پێكهێنراوە، تاوەكو كارەكان بەپێی یاسا بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر مینحەی زیندانیانی سیاسی كرا، و تێیدا تیشك خرایەسەر كارەكانی ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە كار لەسەر پاکسازی و چاکسازی لە لیستی زیندانیانی سیاسی دەكات .

پاشان لەلایەن لیژنەكەوە داوای روونكردنەوە لە وەزیری شەهیدان كرا سەبارەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر خانەوادەی شەهیدان، لە وەڵامدا وەزیری شەهیدان بەلیژنەكەی راگەیاند كە ئەوان تەواوی رێكارە ئیداری و یاساییەكانیان تەواوكردووەو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە، لە ئێستادا چاوەڕێی فەرمانی وەزارەتی شارەوانین بەمەبەستی دیاریكردنی شوێنی زەویەكەی و چۆنیەتی میکانیزمەکانی دابەشكردنی ئەو زەویانە بەسەر کەس و کاری ئەو شەهیدانەی کە تا ئێستا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوونە.

هەروەها باس لەکۆمەڵێک کێشەی تر و هەمواری یاساکانی شەهیدان و زیندانی سیاسی و تاقانەکان کرا بۆ ئەوەی لێژنەی شەهیدان و پەرلەمان پێکەوە بتوانن هەمواری یاساکان بکەن و هەماهەنگی زیاتر بۆ ئەم مەبەستە لەنیوانیاندا هەبێت و هەروەها دوو لێژنەی لاوەکی لەلایەن لێژنەی شەهیدان پێکهێنران بۆ دیراسەکردن و بەدواداچوونی کۆمەلێک کێشە و گرفت کە ئاراستەی لێژنەی ناوبراو کرابوو بۆ دیراسەکردن و بەدواداچوون.