Skip to the content
Menu

ڕاگەیاندراوێک لەسەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە هێرشەکانی وڵاتی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوەکەیە:

شەهیدبوونی چەندین هاووڵاتی سنوری پارێزگای دهۆک بەهۆی دوایین هێرش و پەلاماری سەربازی تورکیاوە ئیدانە دەکەین ،کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پارتی کرێکاران (پەکەکە)لە ناوچە سنورییەکان ، چەندین هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی و شەهید بوون.

وێڕای ئیدانەکردنی شەهیدبوونی ئەم هاووڵاتیانە بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی تورکیاوە، پرسەو سەرەخۆشی زۆری خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، پێمان وایە بەئەزموونی سەرجەم ئۆپەراسیۆن و شەر و لەشکرکێشی و پەلاماری چەکداری رابردوو، هیچ پرسێک بەشەڕ و رووبەرووبوونەوەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و بەردەوامی خوێن رشتن لە هەر لایەکەوە بێت، ئاشتی زیاتر دوور دەخاتەوەو کۆسپی زیاتر بۆ دیموکراسیەت و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دروست دەکات.

پشتیوانی تەواوی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پەرلەمانین بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتایی هێنان بە شەرو کوشتار و لەشكرکێشی و بوونە هۆکاری گیان لە دەستدانی خەڵکی سڤیل و سوتانی رەز و باخ و وێرانبوونی دێهاتەکانی هەرێمی کوردستان، داواکارین هیچ وڵات و هێزو لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان و سنورەکانی بۆ هێرش و پەلامار و لەشکرکێشی و تۆپباران و کەوتنەوەی قوربانی لە ناو خەڵکی مەدەنی هەرێمەکەمان بەکارنەهێنێت.

پشتیوانی ئەوەین هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی بەهێزی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی وکەلتوریەکان.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

١٩/٦/٢٠٢٠