سەبارەت بەتۆپبارانکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و تورکیا، سێ لێژنەی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا
سەبارەت بە تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو وڵاتی دراوسێ (ئێران و تورکیا)، و هەڵوێستی لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣٠/٦/٢٠٢٠ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەلایەن لێژنەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامانی هەرسێ لێژنەکە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکان راو بۆچوونی خۆیان لەسەر هێرشەکانی تورکیا و ئێران خستەڕوو، و بڕیاریاندا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەو هێرشانە و زەرەر و زیانەکانیی، سێ لیژنەی هاوبەش بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت و بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک بکەن، هەر لە کۆبوونەوەکەدا نەخشە ڕێگا و کاتی سەردانی لێژنەکان بۆ ئەو شوێنانە تاوتوێکرا.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رؤژنامەوانیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی خستەروو.