لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان داواى وەگەڕخستنی کەناڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکان بۆ راگرتنی له‌شكركێشى و تۆپبارانكردنی سنووره‌كان ده‌كات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشهمه 2020/6/30، لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی له په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپەشتیی د.ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ژماره‌یه‌ك لهئەندامانى و ڕاوێژکارانی لیژنەكه كۆبووه‌وه.
لەکۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەرو بابەت خرانەڕوو، لەوانە بەشداریی شاندی ھەرێم لەدیالۆگی ستراتیژیی عێراقی-ئەمریکی و لەشکرکێشییهكانی توركیا بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و تۆپبارانكردنی سنووره‌كانى هه‌رێم له‌لایه‌ن تورکیا‌و ئێران، سه‌باره‌ت بەتەوەری یەکەم، دوای گڤتوگۆ لیژنە بەگرنگی زانی ئاگاداربێت لەناوەڕۆکی دیالۆگهکە لەو ڕووه‌ى کە پەیوەندیدارە بەهەرێمی کوردستان.
سەبارەت بەتەوەری دووەم، دوای گفتوگۆ لیژنە جەختی لەسەر ئەو بەیاننامەیه کردەوە کە لەماوەی ڕابردوودا لیژنه‌كه بۆ ئیدانەکردنی لەشکرکێشییهكانى تورکیا بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و تۆپبارانكردنی سنووره‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه دەریکربوو، لەهەمان کاتدا داواش لە په‌كه‌كه کرابوو کەڕەچاوی تایبەتمەندیی سیاسی و دەستووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و ئەو شوێنانە چۆڵ بکات.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لەنووسراوێکدا لیژنە داوای لەدەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت بکات بۆ وەگەڕخستنی کەناڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی تا هێرشه‌كانی ئەم دوو وڵاتە بۆ سه‌ر هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت، هه‌روه‌ها جەختى لەسەر دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو لیژنه‌كانی ناوخۆ‌و پێشمەرگە کردەوە کەڕاسپێردرابوون بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر پەلاماری ئەو وڵاتانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.