Skip to the content
Menu

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان: "بەرپرسیاریەتیی ئەو كردەوه‌ تیرۆریستییانە دەخەینە ئەستۆی حكومەتی عێراق و ھێزەكانی سوپای عێراق"

لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی داعش بۆ سه‌ر گوندێك له‌ قه‌زای خانه‌قین، لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوکردەوە كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
لەماوەی ڕابردوودا شانە چەكدارییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دوای خۆڕێكخستنەوەیان بەسوود وەرگرتن لەكێشە سیاسییە نەبڕاوەكانی عێراق و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دروست بووە، جموجوڵەكانیان زیادی كردووەو ھاووڵاتییانی كوردو خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچانەیان كردووە بە ئامانجی سەرەكیی كردەوە تیرۆریستییەكانیان.
لە دواین كردەوەی تیرۆریستیدا بەداخەوە لەشەوی ١٣ لەسەر ١٤ی ٦ی ٢٠٢٠، گرووپێكی تیرۆریستانی داعش ھەڵدەكوتنەسەر گوندی (دارا)ی سەر بەقەزای (خانەقین)و ٧ ھاووڵاتیی كورد شەھید دەكەن و ٥ كەسی تریش بریندار دەكەن.
ئێمە لەلیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەرپرسیاریەتیی ئەو كردەوانە دەخەینە ئەستۆی حكومەتی عێراق و ھێزەكانی سوپای عێراق بەھۆی كەمتەرخەمییان لەئەركی پاراستنی ئەو ناوچانە.
داواكارین لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان كەئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە لەپێشینەی خاڵەكانی گفتوگۆكردن و دانوستاندن بێت لەگەڵ حكومەتی عێراق و كار بكرێت بۆ دروستكردنی ھەماھەنگیی پێویست لەنێوان ھێزەكانی سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و ھاوپەیمانان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە ھەیە.
ھەروەھا بەپێویستی دەزانین داوا لەلایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەین ھەرچی زووترە ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن و لەبری سەرقاڵبوون بەپرسە لاوەكییەكان ھەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ ڕێگریكردن لە بەردەوامیی دۆخی ناھەمواری ئەو ناوچانە.
لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی هەرێم لە پەرلەمانى كوردستان
2020/6/14