Skip to the content
Menu

بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆنا چین هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/3/10، هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ نی رووچی كونسوڵی گشتیی كۆمارى چین له‌ هه‌ولێر و شاندی یاوه‌رى كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌ وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوو، كونسوڵی گشتیی چین له‌هه‌ولێر مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌بۆ ده‌ربڕین و گه‌یاندنی ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یه‌تی بۆ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆرۆناو رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا ده‌ستمان كردووه‌ به‌دابه‌شكردنی ده‌مامك به‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌شارو شارۆچكه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و به‌منزیكانه‌ش تیمێكی ته‌ندروستی له‌وڵاتی چینه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی هه‌رێم له‌ڕووی ته‌ندروسیی و هه‌وڵه‌كانیشمان به‌رده‌وامیان ده‌بێت له‌وڕووه‌وه‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا ئاماره‌كانى تووشبوون و مردن به‌و ڤایرۆسه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یان زۆر كه‌مبۆته‌وه‌و رایگه‌یاند: "پێشبینی ده‌كرێت كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و په‌تایه‌ كۆنترۆل بكرێت و به‌ره‌و نه‌مان بچێت".
له‌به‌رامبه‌ردا هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ستایشی هه‌وڵه‌كانی كونسوڵخانه‌ی گشتیی چینى كرد بۆ گه‌یاندنی ئه‌و هاوكارییانه‌ى وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ بریتین له‌ ده‌مامك و پێداویستیی و كه‌لوپه‌لی پزیشكى بۆ خۆپاراستن له‌ڤایرۆسی كۆڕۆناو داوای لێکردن ئاستی ھاریکارییه‌كانیان بۆ ھەرێمی کوردستان لەڕووی دابینكردنی کەلوپەلی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناو ئەزموونیان لەم بوارەدا زیاتر بکەن.
هه‌روه‌ها باسی له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه‌و رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى له‌رێگه‌ی ده‌ركردنی چه‌ندین بڕیارو رێنمایی و گرتنه‌به‌رى رێوشێوێنی پێویست بۆ هاووڵاتییان به‌مه‌به‌ستی خۆپاراستنیان له‌و ڤایرۆسه‌.