Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەکۆنفڕانسی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی پرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتارێکی پێشکەشکرد

ئەمڕۆ هه‌ینی 2020/3/6، شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئه‌ندامیه‌تیی هەریەک لە د.ڕێبوار بابکەیی سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌په‌رله‌مانى كوردستان و کاروان گەزنەیی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانی و ئاشنا عبداللە و کلارا عۆدیشۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان لەفڕاكسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان، له‌ ئه‌ڵمانیا بەشداریی لەکۆنفڕانسێکی تایبەت بەپرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
لەکۆنفڕانسەکەدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی شاندی باڵای پەرلەمان، وتارێکی پێشکەش کردو تیایدا سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەش بەهەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و جەختی لەوە کردەوە کەسەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کۆکن لەسەر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتری تیرۆریستان و ڕیشەکێشکردنیان، هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان هیوادارە لەپێناوی بنیادنانی دامەزراوەکانی و ڕاهێنانی پیشەیی و بازرگانی، لەلایەن ئەڵمانیاوە زیاتر پاڵپشتیی بکرێت بۆئەوەی ئابووری و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتربن.
لەبارەی بارودۆخی کوردو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی تری عێراق، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێزلێنان بۆ دامەزراوەکان و دەستووری عێراقی فیدراڵ پێداگری لەدەسەڵاتەکانی دەکات هەر بەو شێوازەی کە لەدەستووری عێراقدا جێگیر بووە"، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کەهەرێمی کوردستان لەدانووستان و گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بەسازان لەسەر هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
سەبارەت بەپرسی کورد لەپارچەکانی تری کوردستان، هێمن هەورامی سەرۆکی شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە بەگفتوگۆو لێکتێگەیشتنێکی واقعیانەو لەسەر مێزی دانوستان کێشەکانی کورد لەوڵاتانی دەوروبەر چارەسەر بکرێت.
هه‌ر لەکۆنفڕانسەکەدا هەریەک لەکلۆدیا رۆس جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا (له‌پارتی سەوزى ئه‌ڵمانیا)و د.دانیەلا دێریدەر جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (له‌پارتی دیموکراتیک سۆسیال)و ستیفان لیبیچ وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی هاوپەیمانیی چەپ، وتاریان پێشکەش کرد.
شایانی باسە کۆنفڕانسی دەرفەتەکان و ئاسۆکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە سازکرابوو و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پەرلەمانی ئەڵمانیا شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان بەشداریی لەکۆنفڕانسەکەدا کرد.