Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ د.جوان لۆندیز باڵیۆزی ئوستڕالیا له‌عێراق كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2020/3/1، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ى خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ د.جوان لۆندیز باڵیۆزی ئوستڕالیا له‌عێراق كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی ئه‌و یاسایانه‌ی كرد كه‌ له‌وه‌رزی یه‌كه‌می یاسادانان په‌سه‌ندكران و له‌نێوانیاندا یاسای چاكسازی كه‌ ئالنگارییه‌كی گه‌وره‌بوو، دواتر باسی دۆخی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تى تازه‌ ڕاسپێردراوی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كرا.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند:ر"هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسیی هه‌یه‌ له‌دروستكردنی حكومه‌تێك كه‌ به‌بێ به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی كوردستان پێكبێت و كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست بكات".
سه‌باره‌ت به‌وه‌رزی نوێی ته‌شریعیش كه‌ئه‌مڕۆ 2020/3/1، خولی به‌هاره‌ی ده‌ستپێكرده‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "له‌م وه‌رزه‌ ته‌شریعییه‌ تازه‌یه‌دا چه‌ند پێشنیازو پڕۆژه‌یاسای گرنگ هه‌ن كه‌ده‌خرێنه‌ به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنیان، له‌وانه‌ پڕۆژه‌ یاساكانی قه‌ده‌غه‌كردنی به‌قاچاغبردنی نه‌وت و پاراستنی سامانی ئاو و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان، هه‌روه‌ها پێشنیازه‌یاسای پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی، چاوه‌ڕێی حكومه‌تیش ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای خانه‌نشینیی یه‌كگرتوو ئاماده‌ بكات و ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی بكات".
لای خۆیانه‌وه‌ د.جوان لۆندیز سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كرد بۆ پێشوازی لێكردنیان و خستنه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ سه‌باره‌ت به‌یاسادانان و ته‌شریع له‌په‌رله‌مانی كوردستان و هیوای خواست حكومه‌تی تازه‌ی عێراق به‌یه‌كسانی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی پاراستنی مافی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت به‌بێ جیاوازی.